سەرەتایەک بۆ خۆڕێکخستنەوەی داعش لە عێراق

(0) / / راپورت / داعش عێراق


Dec 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - واڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی "داعش لە دۆخی خۆ بەهێزکردنەوەدایە و پلان و ستراتیژی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە کەرکوک و دیالە گۆڕیوە."

پێگە جیهانییەکان هۆشداری گەڕانەوەی دێوەزمەی داعش بەشێوەیەکی فراوان دەدەن  و لەو چوارچێوەیەدا؛ رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، هەنگاوەکانی ئەمدواییانەی داعش وەک سەرەتایەک بۆ خۆڕێکخستنەوەی ئەو گرووپە وەسفکرد.

واڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، داعش لە دۆخی خۆ بەهێزکردنەوەدایە و پلان و ستراتیژی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە کەرکوک و دیالە گۆڕیوە و ئەوەی ئێستا دەیکات، هیچ نییە جگە لە دەستپێکێک بۆ هێرشی فراوانتر و لێدانی زەبری کوشندەتر لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

سەبارەت بە ستراتیژە نوێیەکانی داعش، ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە ئەوەیخستوەتەڕوو، داعش لەهەوڵی کۆکردنەوەی هەڵاتووەکانی زیندانەکانی سوریادایە تا چەکیان پێبدات و رێکیان بخات، دواتریش هەوڵی هەڵکوتانە سەر ئەو زیندانانە دەدات کە ئەندامەکانی خۆی تێدا دەستبەسەرن.

واڵ ستریت جۆرناڵ هۆشداری ئەوەیداوە، ئەگەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەماهەنگی هەواڵگری بەهێز نەکەن و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نەکەن کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، لەداهاتوودا ژمارەی قوربانییەکانیان زیاتردەبێت.

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرباری داننان بە جموجوڵەکانی داعش داوایکرد، هێزە ئەمنییەکان بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن بۆ رووبەڕووبونەوەی تاکتیکە نوێیەکانی داعش.

راپۆرتەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە، داعش لە کەرکوک و ناوچەی تارمیە و سەرگەڕان و دیالە حەوت جار هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنیەکان و لەئەنجامدا 19 کەس کوژراون و 15 ی دیکەش برینداربوون.