ئەمریکا هاوبەشی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە

(0) / / راپورت / زایەڵە سەدام هەڵەبجە


Mar 16, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەو تاوانەی کە ساڵی 1988 لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە هەڵەبجە ڕوویدا، بەڵگەیەکی نێودەوڵەتی لە درۆبوونی بانگەشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە بۆ لایەنگری لە مافی مرۆڤ.

 16 ی 3 ی 1988 بوو کە سەدامی دیکتاتۆر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتیی لە هەڵەبجە خوڵقاند و بە هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی شەهید کرد.

هەشت مانگ پێش ئەو کارەساتە، سەردەشت وەک یەکەم شاری جیهان لە لایەن بەعسییەکانەوە هێرشی کیمیایی کرایە سەر. لەو تاوانەدا بە دەیان کەس شەهید بوون و هەشت هەزار کەسی دیکە کەوتنە بەر کاریگەرییەکانی گازە ژەهراوییەکان.

ئەم تاوانەی سەدام و ڕژێمی بەعس لە لایەن دوناڵد ڕەیگان سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکاوە گرنگیی پێنەدرا، بە واتایەکی دیکە گیانی ئەو هەموو شەهیدە بۆ ئەمریکییەکان کرایە قوربانیی بەرژەوەندییەکانیان.

دەتوانین کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە بە تاوانێکی دەگمەن ناو ببەین، لە بەر ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکا لەو سەردەمەدا لە ئاکامی هاوکارییەکانی خۆیان بۆ ڕژێمی سەدام ئاگادار بوون.

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی 1986 و 1987 ئەوەی سەلماندبوو کە ڕژێمی سەدام خۆیی بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو تەیار کردبوو، تەنانەت باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا ڕاپۆرتێکی بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردبوو و بە ڕاشکاوانەی ئەوەی باس کردبوو کە حکومەتی سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەیە. باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا لێدوانی پەنابەرانی کوردی عێراقی لە تورکیا وەرگرتبوو.

سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسانی ئەمریکای ئەو سەردەمە، نەک تەنیا لێپرسینەوەیان لە سەدام و حکومەتەکەی نەکرد بەڵکوو لە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی خۆیان بەردەوام بوون، تەنانەت ئەوان یارمەتیدەری سەدام بوون بۆ ئەوەی کە زیاتر خۆی بەو جۆرە چەکانە بەهێزتر بکات.

کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی ئەمریکی لە 11 ی ئەیلولی 1990 لە بەرنامەیەکدا بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە بەهێزبوونی ڕژێمی سەدام لە ڕێگای ئەو چەکانەوە، ڕایگەیاندبوو کە سەدام لە ڕێگای ئەو هاوکارییانەوە درێژەی بە پلانی پڕچەککردنی خۆی بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو لە سامەڕا دابوو. ڕاپۆرتەکە بە ڕوونی ئاماژەی بە ڕۆڵی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لەو پرۆسەیەدا دابوو.

پاش تاوانەکەی سەدام لە هەڵەبجە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 7 هەفتە بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، تەنانەت پاش ئەوەش حکومەتەکەی سەدامی وەک تاوانبار ناو نەبرد.

واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا لە 17 ی کانوونی دووەمی ساڵی 2003 ڕایگەیاندبوو کە لێکدانەوەی بەڵگە نهێنییەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق کە لە پاش شەڕی یەکەمی کەنداوی فارس بە دەستی ئەمریکییەکان گەیشتبوو، ئەوەی پیشان دابوو کە واشنتن هیچ گومانی لەوەدا نەبووە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن سەدامەوە کرابوو.

گۆڤاری فۆرن پۆلیسی لە ڕاپۆرتێکدا لە 26 ی ئابی 2013، تەنانەت شرۆڤەی ئەو بەڵگانەی کردبوو کە ڕۆڵی ئەمریکایان لە پاڵپشتیکردنی سوپای بەعس لە کوردستانی عێراق لە کۆتا مانگەکانی شەڕی دژ بە ئێران ڕوون دەکردەوە.

بەڵگەیەکی حکومەتی ئەمریکا کە لە ساڵی 2003 بڵاو بووەتەوە، پیشانیداوە کە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە ئاگادار کرابوونەوە کە سەبارەت بە وردەکارییەکانی کارەساتی هەڵەبجە لێدوان نەدەن.

لە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجەدا نزیکەی 5000 کەسی بێ تاوان لە ژن و مێرد و منداڵ و پیر و گەنجی ئەو شارە کرانە قوربانی و شەهید بوون و بە هەزاران کەسی دیکەش وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ئێش و ئازارەکانی ئەو بۆردومانە ژیانی لێ تاڵ کردن، ساڵانێک پاش ئەو کارەساتە بە سەدان کەس لەو بریندارانەش چوونە ڕیزی شەهیدانی هەڵەبجە. ئەم کارەساتە وەک کۆمەڵکوژی کوردانی عێراق دەناسرێت و هێشتا وەک گەورەترین هێرشی کیمیایی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوچەیەکی شارنشین لە مێژوودا ماوەتەوە.

زیاتر لە 400 کۆمپانیای ئەورووپی بە تایبەت لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و هۆڵەندا لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران چەکی قەدەغەکراویان بە ڕژێمی بەعس فرۆشت، ئەمەش درۆبوونی بانگەشەی ئەوانە بۆ لایەنگری لە مافی مرۆڤ.

پاش 35 ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەدا هێشتا دادگای نێودەوڵەتی ئەنجامێکی دڵخۆشەکەری لە سەر ئەو تاوانە نەبووە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا هەمان بێدەنگیی سەردەمی سەدامیان درێژە پێداوە.