دۆسیەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا ! / دڵشاد ئه‌نوه‌ر

(0) / / مقالە / زایەڵە نەوت هەرێم عێراق


Mar 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان، دواجار ژووری ناوبژیوانی پاریس کۆتایی بەخەونی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم هێنا، تورکیای پابەند کرد بە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی نەوتی هەرێمی خستەوە ژێر ڕکێفی بەغدا.

ژووری ناوبژیوانی پاریس لە مانگی یەک بڕیارەکەی لەبەرژەوەندی عێراق دەرکرد، بەڵام لەوکاتەوە ئاشکراکردنی بڕیارەکە ڕاگیرا، تا ئامادەکاری بۆ کراو لە کەشێکی ئارام دا پەردەی لەسەر هەڵماڵرا. 

دەکرێ بپرسین ئێستا بۆ کەشێکی ئارامە بۆ ئاشکراکردنی بڕیارەکەو ڕاگرتنی نەوتی هەرێم؟ 

بێگومان هەرێمی کوردستان ماوەیەکە ئاگاداری بڕیارەکەیەو چاوەڕوانی ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆیە بۆ ڕاگرتنی نەوتەکەی، چونکە پێشتر تورکیاو عێراقیش هەموو شتێکیان پێ وتووە.

ماوەیەکە هەرێم نەرمی بەرامبەر بەغدا دەنوێنێ و ئامادەی هەموو جۆرە ڕێککەوتنێکە، وەفد لە دوای وەفد سەردانی بەغدا دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەهێنرێتە هەرێم و پێچەوانەی خیتابە توندەکانی پێشتر بەرانبەر بەغدا ڕیزیان لێدەگیرێت، هەمووی پەیوەندی بە نائومێدبوونەوە هەبوو لە ناردنە دەرەوەی نەوت. واتە بڕیارەکە کاتێک ڕاگەیەنرا، تەقریبەن لێک نزیکبوونەوەیەک ڕوویداوە. 

سەبارەت بەتورکیا و عێراقیش، ڕاستە تورکیا پابەند کراو دۆسیەکەی دۆڕاند، عێراق ٢٦ ملیار قەرەبووشی لێ بردەوە، بەڵام ڕەنگە لەبەرانبەر راگرتنی نەوتی هەرێم و مەسەلەی ئاو، عێراق چاوپۆشی لەو قەرەبووە بکات. 
جیا لەمەش، مەسەلەی شەنگال و دۆسیەی پەکەکەش گرێدراوی ئەم ڕێککەوتنەیە بۆ راگرتنی نەوتی هەرێم، رەنگە عێراق لەمڕووەوە بەڵێنی گەورەی بە تورکیا دابێت.

پرسیارێ تر دێتە پێشەوە، دۆخی هەرێم دوای ڕاگرتنی نەوتەکەی چۆن دەبێت؟ 

کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگتر لەمەودوا لە نێوان هەرێم و بەغدا دێنە پێشەوە، ئایا چۆن چارەسەری ئە بڕە قەرزە زۆرە دەکرێ کە لای هەرێمە؟ ئایا چۆن کێشەی کۆمپانیاکان چارەسەر دەکرێ کە بێ رەزامەندی عێراق نەوتی هەرێمیان فرۆشتووە؟ ئایا عێراق دەچێتە ژێر باری ئەو هەموو پارە قەرزە و پارەی کۆمپانیاکانەوە؟ 
بە تایبەت عێراق دادگای بردوەتەوە و شەرعیەتی نێو دەوڵەتی هەیە و کاتی سەپاندنی مەرجەکانیەتی، وەڵامی ئەم پرسیارانە داهاتوو ڕوونیدەکاتەوە.

ئەوەی ڕوونە، هەرێم دۆسیەی نەوتی لەدەستدا، چیتر ناتوانێت حساب بۆ بەغدا نەکات، چونکە چاوی لە بودجەی عێراق دەبێت، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ ئایا هەرێم و بەغدا بەمنزیکانە دەگەنە لێکتێگەیشتنی خێرا بۆ ناردنی پارەی موچەخۆران؟ بێگومان لەمپێناوەدا هەرێم دەبێت تەنازولی گەورە بکات. 

هەرێم بە خۆشی ئابووری سەربەخۆوە، لەماوەی دە ساڵی رابردوودا نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلاری لەدەستداوە کەدەبوو عێراق بۆی بناردایە، خۆی کردووەتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، دەیان گرێبەستی ئاڵۆزی کۆمپانیاکان لە ملی ئاڵاوە، کەچی تورکیا بە کون فەیەکونێک هەموو خەونەکەی لە گۆڕنا. 

بۆیە هەرێمی داهاتوو، هەرێمی تەحەداکار نابێ بەرانبەر عێراق، هەموو هەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتن دەبێ، چونکە ئابوریەکەی لەدەستداوە، هەموو ئومێدێکی هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی مافە دەستورییەکانیەتی لە یاسای نەوت و گازی عێراق، کە بڕیارە لە پەرلەمان دەرچێنرێ. 
پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا ئەوەی هەرێم دەیەوێ لایەنە عێراقییەکان رێگر نابن لە دانانی لە نێو یاساکەدا؟