پەرلەمانتارێک بۆزایەڵە: نەوتی‌ پێشوەختە فرۆشراو، یەکێک لە لەمپەرەکانی‌ ڕێککەوتنە

(0) / / گفتگو / زایەڵە عومەر گوڵپی نەوت


Mar 31, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  بە تەنیشت کۆمەڵێک هۆکاری‌ ترەوە، یەکێک لە لەمپەرەکانی‌ بەردەم ڕێککەوتنی‌ هەرێم‌و بەغدا لە ساڵانی‌ پێشوو و ئێستەش بابەتی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ پێشوەختەیە، کە نە بڕەکەی‌ دیارەو نە هۆکارەکەی‌‌و نە بەهاکەی‌،بە پێی‌ ئەو ڕاپۆرتەی‌ کە ئاژانسی‌ هەواڵی‌ ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هەرێمی‌ کوردستان بە بڕی‌ شەش ملیار دۆلار قەرزاری‌ کۆمپانیاکانی‌ نەوتە، ئەوەش لەپای‌ ئەو پارەیەی‌ لە ساڵانی‌ ٢٠١٤ تا ٢٠١٨وەریگرتووە لە بەرانبەر پێدانی‌ نەوتی‌ خاو لە داهاتوودا، لە کاتێکدا لەو ساڵانەدا حکومەت ئەرکی‌ خۆی‌ لە دابەشکردنی‌ مووچە جێبەجێ نەکردووەو زۆرترینی‌ پارەی‌ مووچەخۆران لەو چوار ساڵەدا کەوتووتە لای‌ حکومەت، کەواتە ئەو بڕە پارەیە بۆچی‌ وەرگیراوە.

وتیشی، بۆ زانین‌و ئاشکراکردنی‌ ئەو دۆسیەیە، لە ساڵی‌ (٢٠٢٠)و ساڵانی‌ دواتریش، چەندینجار هەوڵمانداو پرسیارمانکرد لە وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان‌و ئەنجومەنی‌ هەرێمی‌ نەوت‌و گاز، بەڵام ئێستاشی‌ لەگەڵ بێت ئامادە نەبوون بە یەک دێڕیش بە خەڵکی‌ کوردستان بڵێن ئەو نەوتە چەندەو بڕی‌ پارەکە چەندەو بۆچی‌ ئەو قەرزە کراوەو کۆمپانیاکان کامانەن،ئەوەی‌ دیاربوو ئەوەبوو بە پێی‌ ڕاپۆرتەکانی‌ دیلۆیت، مانگانە برێک پارە لە داهاتی‌ نەوت بەناوی‌ قەرزی‌ کۆمپانیاکانەوە دەبووە بەشێک لە تێچووی‌ نەوت! کە کۆی‌ پارەکەو ماوەکەی‌‌و کۆمپانیاکان دیار نەبوون‌و لایەنەکانی‌ دەسەڵاتیش ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە هیچ بە کەس بڵێن.لە ئێستەداو پاش بڕیاری‌ دادگای‌ پاریس‌و بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی‌‌و وەستاندنی‌ هەناردەکردنی‌ نەوت لەلایەن وڵاتی‌ تورکیاوە، کە دیارە هەموو ئەمانە هەرێمی‌ کوردستانیان خستووەتە دۆخێکی‌ تەواو لاوازەوە، ئایا بەغدا ئامادەیە بچێتە ژێرباری‌ ئەم دۆسیەیە تەنانەت لەو حاڵەتەشدا کە دۆسیەی‌ نەوت بە تەواوەتی‌ لەلایەن بەغداوە ئیدارە بدرێت؟ بێگومان ئاسان نیە.

هێمای بەوەشکرد، بەداخەوە، نهێنیەکان، بەرژەوەندییە ژێر بەژێرییەکان، کار نەکردن بە یاساکان‌و شاردنەوەی‌ زانیارییەکان، وایکردووە دۆسیەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان ببێتە ئاڵۆزترین دۆسیەو لە دە ساڵی‌ ڕابردووشدا خەڵکی‌ کوردستان بە ملیارەها دۆلار لە فرۆشتنی‌ نەوت زیان بکات،ئایا لایەنەکانی‌ دەسەڵات لە هەرێمی‌ کوردستان سوورن لەسەر بەردەوامیدان بەم سیاسەتە هەڵەیە، یان لەم وێستگەیەدا دەوەستن‌و بە قازانجی‌ خەڵکی‌ کوردستان بڕیار دەدەن.

کامەران کەریم