کونسوڵی ئێران: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە هاوکاری زیارەتکارانی کردووە

(0) / / کردستان / زایەڵە ئێران زیارەتکار حکومەتی هەرێم نەسروڵا رەشنودی


Aug 27, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نەسروڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، رایگەیاند، ئامادەکاری و خزمەتگوزاری پێویست بۆ زیارەتکاران لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەران دابینکراوە و لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتر لە زیارەتکاران لەو رێگەیەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانیان دەکەن، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکات و کۆماری ئێران بە ئێمەی راگەیاندووە پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار دەکەن.

 

نەسروڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، هیوادارن خەڵکی ئەوان کە بۆ زیارەتکردن دەچنە ناوچە پیرۆزییەکان دوعای خێر بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستان بکەن بۆ ئەو هەموو خزمەتگوازارییەی کە پێشکەشیان کردوون. ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە هاوکاری زیارەتکارانی کردووە.

 

کونسوڵی گشتی ئێران، گوتی: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ئەو هەموو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەشی زیارەتکارانی ئێمەی کردووە".

 

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پارساڵ ئەزموونێکی نوێ بوو یەکەمینجار بوو لەو رێگەیەوە پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت، ئەم ئەزموونەوەش زۆر بە سەرکەوتوانە کۆتایی هات بووە مایەی رەزامەندی زیارەتکاران و حکومەتی ئێران.

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە هەرچی خزمەتگوازری هەیە پێشکەشی زیارەتکاران دەکرێن.

 

پارێزگاری هەولێر، دەشڵێت: مانگی رابردوو سەردانی ئێرانمان کردبوو وەزیری ناوخۆی کۆماری ئێران سوپاسی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم هەموو خزمەتگوزارییە بە زیارەتکاران.

 

ئومێد خۆشناو، باسی لەوەشکرد، "کۆماری ئێران بە ئێمە راگەیاندووە، پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەی نیودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکەن و رۆژانە دوو بۆ سێ هەزار زیارەتکار لەو دەروازەیەوە دێن".

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە دەروازەی حاجی ئومەران هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هەر زیارەتکارێک بە کەمتر لە یەک خولەک کارەکانی رایی دەکرێت.

 

رۆژی (19ـی ئابی 2023)، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە بۆ ساڵی دووەمە ئەم زیاراتکارانە لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان لە خوارووی عێراق دەکەن، "ئێمە پار ساڵ بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران یەکەم ئەزموونمان بوو، هەروەها لە دواین سەردانمان بۆ ئێران کە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا، ئەوان زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی یەکەم توانیمان بە شێوەیەکی رێک و پێک پێشوازی لە زیارەتکاران بکەین و بەڕێیان بکەین بۆ شوێنە پیرۆزەکانیان".

 

هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کردووە، ئەمساڵ ئامادەکاریەکان باشتر بەڕێوەچوونە و کەموکوڕییەکانی پار ساڵ چارەسەر کراوە و کۆمەڵێک لیژنە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران پێکهاتوون، کە خۆی دەبینێتەوە لە لیژنەی تەندروستی، پێشوازی، ئەمن و ئاسایش، بۆ کارئاسانی زیاتر بۆ زیارەتکاران.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ رێژەی سەردانی زیارەتکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، هەروەها زیارەتکاران لە شێوازی پێشوازیکردنی ئەمساڵ زۆر رازینە.

 

رۆژی (18ـی ئابی 2023)، ته‌یفوور محه‌ممه‌د، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ سۆران رایگه‌یاند، بۆ به‌شداریكردن له‌ چله‌ی ئیمام حوسێن، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان لایه‌نی ئێرانی و هه‌رێمی كوردستان، هاتنی زیاره‌تكاران‌ له‌ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ستیپێكرد.