زایەڵە - هەڤاڵ ئەبوبەكر كێڵگە كشتوكاڵییەكانی پێنجوێنی بەسەركردەوە + وێنە
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: ساڵانە لە مانگی نیسان بۆ مانگی تشرینی دووەم تەنها لە سنووری پێنجوێن زیاتر لە 500 هەزار كەس كاردەكەن و باشترین و جوانترین بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی وەك تەماتە، بامێ، كولەكە، بایینجان، پەتاتە، پیاز، بیبەر، شووتی، كاڵەك، خەیار، گەنم، جۆ، چەڵتووك، ترێ، سێو، قۆخ، هەرمێ، گەزۆ، بنێشت و هەنگوین بەشێوەیەكی سروشتی لە ژینگەیەكی ناوازەی تەواو تەندروستدا، بەرهەمدەهێنن و پێداویستیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە زیادەوە دابیندەكەن.
وتیشی: 72 كارگەی دروستكردنی سندووقی پلاستیك لە سنوورەكەدا هەن، كە بەشێوەی دۆستی ژینگە و ریسایكڵكردنی كەرەستە بەكارهاتووەكان كاردەكەن و ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن سندووق بە قەبارەی جیاجیا بەرهەمدەهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەكی وڵات بچێتە دەرەوە، ساڵانە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار زیاتردەكات، كە پێشتر لە دەرەوەی وڵات دابیندەكرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: لەم سنوورەدا، هەموو كەس، هەموو شت لە جووڵەیەكی بەرهەمداردان، ژن و پیاو كێڵگە و بێستان و ڕەز و دارستانەكانیان كردووەتە ژووانی كاركردنێكی شەرەفمەندانەی پاك و ڕەوا و بەرهەم و داهاتێكی خۆماڵیی نیشتمانیی پشتبەخۆبەستوو.
کامەران کەریم