زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانی تێیدایە
(0) /
زایەڵە - دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکی جێگیرکراون، شەوی هەینی رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەوە.
کەناڵی رووداو، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاوی کردەوە، درەنگانی شەوی هەینی، چوار درۆن بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران کەوتنە خوارەوە و درۆنێکیش لە لایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە؛ "کاژێر 11:10ـی شەوی هەینی، هەولێر بە پێنج درۆن کرایە ئامانج و خەڵکی کۆمەڵگەی سێ بیران هەستیان بە دەنگی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان کرد و بەشێکیان بە رووداویان راگەیاند، دەرگا و پەنجەرەکانیان بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە لەریونەتەوە."
دامودەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان لە بارەی ئەو درۆنانەوە نەبووە.
دوای خۆرائاوابوونی هەمان رۆژ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا کێشابوو و تەقییەوە. بە گوێرەی دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادیی، زیانی دیکەی نەبووە.
واتە چوار هێرش لە یەک رۆژدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدران، لە کاتێکدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرش.
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، "کاژێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش دواتر لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە".
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
تێبينيێك بنێرە: