فازڵ نه‌بی: ده‌بێت هه‌رێم خۆی بۆ قسه‌كه‌ی ته‌یف سامی ئاماده بكات / پیلانێك لە ئارادایە
(0) /
زایەڵە - بریكاری پێشوتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت هه‌رێم خۆی بۆ قسه‌كه‌ی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی ئاماده بكات و شاندێك بنێرێته به‌غدا تاوه‌كو ناردنی 618 ملیار دیناره‌كه به‌رده‌وام بێت تا هه‌ژماری بانكی بۆ موچه‌خۆران دروستده‌كرێت و ده‌شڵێت، "لە بەغدا نەیارانی كورد ئەو پەرتەوازەییەی نێوان ماڵی كوردیان قۆستۆتەوە بۆئەوەی هەرێم لاواز بكەن".
فازڵ نەبی بریكاری پێشوتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تەوتینی موچەی موچه‌خۆرانی هه‌رێم مومكین نیە لە بانكە حكومیەكان بە مانگێك بكرێت، پێویست بەوەدەكات شاندێك لە هەرێمەوە بچێتە بەغدا و پێیان بڵێن، ئەگەر بەمانگێك تەوتین دەكەن فەرمون، ئەگەرنا مانگانە 618 ملیار دینارەكە بنێرن تا هەژماری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆران دروستدەكرێت".
سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كه‌ی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق كه رایگه‌یاندبو، ته‌نها بۆ مانگی (شوبات/2) بڕی 618 ملیار دیناره‌كه ده‌نێرن، بۆ مانگی (ئازار/3) و مانگه‌كانی داهاتو، له‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری بانكیه‌وه موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم دابه‌شده‌كه‌ن، فازڵ نه‌بی ئاشكرایكرد، "دەبێت خۆمان بۆ قسەكەی تەیف سامی حازر بكەین و مشوری خۆمان بخۆین، بۆئەوەی ناردنی 618 ملیار دینارەكە بەردەوام بێت تا هەژماری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆران دروستدەكرێت".
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، "وەزیری دارایی عێراق قسەكەی بۆئەوەبو پەلە بكرێت لە تەوتینی موچە، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە كه جه‌ختده‌كاته‌وه، نابێت هیچ مانگێك موچه‌كانیان دوابكەوێت، شێوازی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، ناتوانێت بڕیارەكە رابگرێت، بۆیە دەبێت رێگایەك بدۆزرێتەوە بۆئەوەی 618 ملیار دینارەكە بەردەوام بێت تا هەژماری بانكی موچەخۆران دروستبكرێت".
سه‌باره‌ت به لیستی موچه‌خۆرانی هه‌رێم و بونی ناوی دوباره، فازڵ نه‌بی ئاشكرایكرد، "ئەو موچەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە لەسەر ژمارەی موچەخۆران دانەنراوە بەڵكو لەسەر بنەمای 12.67% دانراوە، هەرێم 920 ملیار دیناری پێویستە، جگە لە موچەی پێشمەرگە 870 ملیار دینارمان هەیە لەبەغدا، بەڵام ترسی من لەوەیە وردبینی لیست و ناوەكان ئیش و كارەكان دوابخات".
ده‌شڵێت، "دەبێت هەمو ئەو كەسانەی لە بەغدا پۆستیان هەیە، هەڵوێستیان هەبێت له‌و بڕیارانه‌ی دژی هه‌رێم ده‌رده‌چن، ئەگەر ئێمە كەسانی باشمان لە دادگای فیدڕاڵی هەبوایە، كێشه‌ی هەمو موچەخۆرانمان چاره‌سه‌ر ده‌كرد، هەمیش كێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست نابو".
بریكاری پێشوتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئاماژه‌ی به بونی پیلانێك بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كرد و وتی، "لە بەغدا نەیارانی كورد ئەو پەرتەوازەییەی نێوان ماڵی كوردیان قۆستۆتەوە بۆئەوەی هەرێم لاواز بكەن، دەبێت ئێمە زو یەكبگرین و بەرامبەر ئەو پلانانانە بوەستینەوە".
تێبينيێك بنێرە: