زایەڵە - ئەنجام بەڕێز ئۆجالان پەیامە مێژوویەکەی خۆی گەیاند، بەڵام ئایا لە وەلامدا دەولەتی تورکیا چ هەنگاوێك دەنێ؟
پەیامی ئوجالان دژوار بوو، بەڵام بۆ ئاشتی بوو.ئایا دوای پەیامی ئەو پەیامە دەوڵەتی تورکیا لەگەل کورد ئاشت دەبێتەوە؟
بەش بە حاڵی خۆم ئەوەندەی سەردەهێنم و دەبەم و رادەمینم ناتوانم بڕا بەوە بکەم ، کە تورکیا وا بە ئاسانی دەست بەرداری ئایدیۆلۆژیە سەد ساڵەکەی خۆی دەبئ.
جارئ لای ئێمە دیار نییە، كه لە پشت پەردە چی گوزەراوە، بەڵام هەرچییەک باسکرابێ، جێی دلنیایی نییە، چونکە بە پێی لۆژیك دەبوو ئەردۆگان پەیامی هەبوایە ، نەك ئۆجالان. بە هەر حاڵ ئەو پرسە، واتە پرسی ئاشتی ، نەك هەر بۆ گەلانی تورکیا، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژاواش زۆر گرنگە و کاریگەری زۆر باشی دەبێ، بەڵام ئاشتی یەك لایەنە، یان چەکدانان لە پێناوی ئاشتی بە بێ دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەقینەی نێوان کورد و دەولەت جگە لە ئاشبەتال هیچ مانایەکی دی ناگەیەنێ.
ئایا پەکەکە هەر وا بە ئاسانی ئاشبەتاڵ دەکات؟
من پێم وا نییە، چونکە چەکدانانیش لێکەوتەی کاریگەری دەبێ.
ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی تورکیادایە، ئەگەر بەڕاستی ئەو باسەی بەلاوە گرنگە، دەبێ ئەویش چەند هەنگاوێک هەلێنێ، نموونەی: شەڕ راگرتن، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەم پارتی و جوڵاندنی دۆسیەکە لەناو پەرلەمان. ئەگەر هەنگاوی لەو جۆرەش نەهاوێژێ، ئەوا دیسان پروسەکە بێ ئەنجام کۆتایی دێ و فاتیحاش بۆ دەولەت باخچەلی دەخوێندرێ ،بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەولەتیش ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەردۆگان و دەولەت، نەك ئۆجەلان و پەکەکە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی