زایەڵە - بەدڵنیاییەوە نە پێش بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجالان بەبێ زەمینەسازی و گفتوگۆی ورد بووە، نە دوای پەیامەکەش بەبێ گفتوگۆ و چۆنێتی دارشتنی رێگاکانی چەک داماڵین و هەنگاوەکانی تری کردەیی پرۆسەی ئاشتی دەبن لە باکوری کوردستان.
پەیامەکەی ئۆجالان کلیلی ژەنگاوی دەرگای پرۆسەی ئاشتی کردەوە. جاڕدانی دەسپێکی قۆناغێکی مێژوویی چارەنوسازە، کە گریمانەی سەرکەوتن و شکستی هێنانی چانسیان وەک یەکە. بەڵام لەهەردوو ئەگەرەکەدا کورد زیان ناکات، پرۆسەکە ئەگەر سەرکەوت بۆ دەستەبەری مافە نەتەوەیی و دیموکراسیەکانی کورد بکات گرنگە، سەریشنەکەوت ئەوا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رووندەبێتەوە کە کورد دژی ئاشتی نیە و خەباتی چەکداریشی ناچارییە.
بەدرێژایی مێژوو بۆ کوردی خاک داگیرکراو و چەوسێنراو، چەک و شاخەکان دوو دۆستتی بوون و چەکیش وەک شەرەف تەماشا کراوە، بەڵام هەردوکیان بۆ ئەوەبووە کە فشار لەبەرامبەر بکرێ دەرگای گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی بکاتەوەو بۆ لەناوبردن و تواندنەوەیان نەبوە، تەنها وەک قۆناغێکی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد پەنای بۆ براوە،
بۆیە ئەو رستانەی لەپەیامەکەی ئۆجالان تاکی کوردی دوودڵ کرد، مەسەلەی چەکدانان و کۆتایی هێنان بوو بە شۆڕش.
راستە ئۆجالان رابەری پەکەکە و دۆزی باکورە، بەڵام نە بۆ ئۆجالان و نە بۆ قەندیلیش چەکدانان بەبێ گفتوگۆ و گرەنتی و هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ ناکرێ.
هاوینی سالێ ٢٠١٤ لە کاتی ئاگرەبەستی نێوان پەکەکە و تورکیا چەند رۆژنامەنوسێکی یەکێتی چووینە دیداری جەمیل بایک لە قەندیل، قسەیەکی کرد زۆر تەواوە، ووتی «بڕیاری ئاشتی لای ئۆجالانە و بڕیاری شەڕ لای ئێمەیە لەقەندیل»، کەواتە پرۆسەکە وا هاکەزایی نیە، کە هەرزوو هەندێک کەوتنە شیکردنەوەی خێرا بۆی.
نوسین و بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجالان، ئەنجامی قۆناغی سەرەتایی پرۆسەکەیە، کە لەئاستی ناوخۆیی تورکیا ئەردۆگان و باخچەلی لەگەڵ ئۆجالان گفتوگۆیان کردوە، ئۆجالانیش لەگەڵ دەمپارتی و دەمپارتیش لەگەڵ قەندیل و هیزەکانی باشورو هەندێ لایەنی تر، بەدڵنیاییەوە لایەنی سێیەمیش کە وەک چاودێرو نێوەندگیر لە ئارادایە کە رەنگە وڵاتێکی زڵهێز بێ!
سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، تەنها بۆ باکوری کوردستان گرنگ نیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری کوردستان و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێش دەبێت، وەکچۆن وڵاتانی دراوسێش بەتایبەت ئێران کاریگەری لەسەر سەرکردایەتی پەکەکە هەیە. عێراقیش دەتوانێ یاریکەرێکی گرنگ بێت لە هاوکێشەکەدا.
فاکتەری ناوخۆیی لەتورکیا گرنگە، ئایا هێزە سیاسیەکانی تری تورکیا هەڵوێستیان چی دەبێت؟ ئایا دەستور چۆن هەموار دەکرێتەوەو و چۆن مافەکانی کورد کە لەسەری رێکدەکەون جێگای دەکرێت دەکرێتەوە؟ ئایا لەهەمواری دەستوردا ئەردۆگان فرسەت دەهێنێت بەبیانووی چەسپاندنی مافەکانی کورد و پرۆسەی ئاشتی چ مادە و بڕگەیەکی تر ئەگۆڕن بەتایبەتی گرەنتی دەستوری بکات بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی؟ ئەمانە بەشێکی کەمن لەو پرسیارو گریمانانەی دێنە پێشەوە.
ئێستا لە قۆناغی سەرەتا و بەرایی پرۆسەکەین، جارێ زووە بۆ وردەکاریەکان، بەڵکو گرنگ پشتیوانی و زەمینەسازییە بۆ دەست پێیکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پرۆسەکە.
لەکۆبونەوەیەکدا لەدەباشان لەگەڵ سەرۆک مام جەلال کە ئەوکات ووتارەکەی کاک مەلا بەختیار لە تورکیا لە کۆنگرەی هەدەپە داوای ئازادکردنی ئۆجالانی کردبوو، نیگەرانی لای تورکیا دروست کردبوو، مام جەلال ووتی هەرچەندە ووتارەکە نیگەرانی لای تورکەکان دروستکردوە بەڵام چی بکەین ئەوە سیاسەتی یەکێتیە. هەروەها ووتی بۆ ئێمەی کورە باکوری کوردستان وەکو میسر وایە میسر چەند گرنگە بۆ عەرەب بۆ ئێمەش باکوری کوردستان وا گرنگە، بۆیە بەبێ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا کێشەی کورد بە تەواوەتی چارەسەر نابێ.
هەر لەم روانگەیەوە بوو، مام جەلال زۆر پەرۆشی دەست پێیکردنی دانوستان بوو لەگەڵ تورکیا، جانگیز جاندار لە کۆرێکدا لە سلێمانی ووتی کە لە لەندەن چوومە لای مام جەلال و باسی دەستپێشخەری گفتوگۆی نێوان کورد و سەرۆک ئۆزال-م بۆ کرد، مام جەلال دەستپێشخەریەکەی زۆر لاپەسەندبوو، بۆیە داوام لێکرد نامەیەک بۆ سەرۆک ئۆزال بنوسێ، پێیووتم سبەی وەرەوە نامەکەت ئامادەیە، جانگیز جاندار ووتی نامەکەم وەرگرت و گەیاندم بە سەرۆک ئۆزال. هەروەها ووتی دوای ساڵانێکی زۆر لە ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٤ لەقەندیل ئەمەم بۆ جەمیل بایک گێرایەوە، ناوبراو پێیکەنی و ووتی ئەزانی بۆ مام جەلال پێیووتی سبەی نامەکە ئامادەیە؟ ووتم بۆ، بایک ووتی چونکە مام جەلال دەقی نامەکەی پێیداین ووتی پێش ئەوەی بینێرم ئەمەوێ بۆچوونی ئۆجالان وەربگرم، ئێمەش چونکە بەپەلە بوو و نامەکە بەعەرەبی نوسراوبوو بە تەلەفۆن ناوەرۆکی نامەکەمان بۆ ئۆجالان خوێندەوە کە ئەوکات لە لوبنان بوو و ووتی نامەکە زۆر باشە.
مام جەلال دوای ساڵانێکی زۆر، گەرچی ژیانئاواییشی کردوە، بەڵام هەرکات و سەردەمێک پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێ لە تورکیا، نابێ رۆڵی مێژووی و هاویشتنی یەکەم هەنگاوی دەستپێشخەری ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی دۆزی ڕەوای کورد لە باکور لەبیر بکرێ.
بەدڵنیاییەوە، هەنگاوە کردەییەکانی پرۆسەکە، ژووری هاوبەش و دانوستاندنی وردی پێویستە، گونجاوترین و دڵنیایی ترین شوێنیش سلێمانی و رۆڵی یەکێتی دەبێت، کە هەم بۆ تورکیا و هەمیش بۆ قەندیل گونجاوترە.
بێدەنگبوونی لولەی تفەنگەکان و فڕینی کۆتری ئاشتی، قۆناغێکی زۆر گرنگە، بەڵام بەواتای کۆتایی هاتنی خەبات نایەت، بەڵکو گۆڕینی جۆری خەباتەکەیە لە چەکدارییەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و دیموکراسی و مەدەنی، کە بێگومان ئەو قۆناغەش بێ سەرئێشە نیە، بەڵام بنەمایەکی هەیە کە هەدەپ و دەمپارتی و ئەزموونی قەوارەو پارتەکانی تری کورد لە تورکیا.
*ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق