زایەڵە - ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دووشەممە 2025.4.14، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، وێڕاى ئەوەى هەردوولا جەختیان لەگرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە. سەر کونسوڵی گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێران بە فەرمى بانگهێشتى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ بەشداربوونى لە کردنەوەى پیشانگاى ( iran - expo 2025 ) کە بڕیارە لە 28ى ئەم مانگە بە بەشدارى زیاتر لە ( 100 وڵات ) و ( 800 ) کۆمپانیاى جیا جیاى جیهانى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران بکرێتەوە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى سوپاسى سەر کونسوڵی گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێرانی کرد، خۆشحاڵى خۆشى بە بانگێشتکردنە فەرمیەکە نیشاندا.

لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ئامادەکاریی کۆبوونەوەى فراوانى پارێزگارانی ( هەولێر، ئازاربایجانى ڕۆژئاوا، سلێمانى، سنە پارێزگاى کوردستان، دهۆک، کرماشان )، کە لە 2025.5.20 لە شارى سنە پارێزگاى کوردستان بەڕیوەدەچێت، هەردوولا لە سەر وردەکارى سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکان هاوڕابوون و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە کۆتایدا سەرکونسڵی گشتیى کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاسى پارێزگارى هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە ماوەی ساڵانى ڕابردوو پێشکەش بە کونسڵخانەى وڵاتەکەیان کردووە.