زایەڵە - بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات تا ڕۆژی 29 ی ئەم مانگە هەر كەسێك بەناوی عەمرە یان هەر جۆرە مەبەسێكی دیكە ڕۆشتبێتە سعودییە، دەبێتی بگەڕێتەوە، بە پێچەوانەوە بڕی 35 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێن.   

كاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند: بە بڕیاری سعودیە تاوەكو سێشەممە، 29ـی نیسان هەركەسێك لەو وڵاتە نەگەڕێتەوە بە نزیكەی 35 ملیۆن دیناری عێراقیی سزا دەدرێت، هاوكات بڕیارەكەی سعودیە هەموو تاكەكان و كۆمپانیاكان ناچار دەكات، بەر لەكاتی دیاریكراو بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پارەیەی وەك پێبژاردن لە هەر كەسێك وەربگیرێت بۆ سعودیەیە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، هاوكات ئامادەكارییەكان بۆ رێوڕەسمەكانی حەجی ئەم ساڵ بەردەوامن، ئێستا لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان پێدانی ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە دەستیپێكردووە كە ئەم ساڵ دەچنە حەج. 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی وتووە، ڤاكسینەكە بۆ رێگرییە لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەكان و پەتا وەرزییەكان، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی تەندروستی  ڤاكسینەكان دەدرێن؛ هەركەسێك ڤاكسین وەردەگرێت دەفتەرێكی پێدەدرێت كە تێیدا وەكو بەڵگەنامە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لە گەشتەكەیدا بەكاری دەهێنێت.

ک