زایەڵە - بەهۆی قوربانیانی تەقینەوەی بەندەر عەباس، عێراق سەرەخۆشی لە ئێران كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە و دوای تەقینەوەكەی بەندەر عەباس لە باشووری ئێران، هاوسۆزی و دڵسۆزی عێراقی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی.

لەبەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هاتووە : وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزی و دڵسۆزی عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبڕێت، ئەوەش دوای ئەو تەقینەوەیەی كە لە بەندەری ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران ڕوویدا، كە ژمارەیەك قوربانی و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیی بێتاوانی مەدەنی لێكەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد : كۆماری عێراق سەرەخۆشی لە حكومەت و گەلی ئێران دەكات، لەم ساتە ئازاربەخشانەدا پشتیوانی خۆی بۆیان دووپاتدەكاتەوە،هاوكات هاوسۆزی قووڵی خۆی لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكان دەردەبڕێت و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە عێراق جەختی لەسەر پێویستی بەهێزكردنی هاوكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە بەپەلەكان دووپات دەكاتەوە، ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی هەر پشتیوانییەكی ئەگەری كە یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم كارەساتە دووپاتدەكاتەوە.