زایەڵە - پارێزگارى هەولێر، سەردانى تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات و چەندین دیدار و کۆبوونەوەى گرنگ ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.4.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، وێڕاى ئەوەى هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە. تیشک خرایەسەر سەردانى بەڕێز پارێزگارى هەولێر بۆ تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران و بەشداریکردنیان لە کردنەوەى پیشانگاى ( iran - expo 2025 )، کە سبەى 28ى 4ى 2025 بە بەشدارى زیاتر لە ( 100 وڵات ) و ( 800 ) کۆمپانیاى جیا جیاى جیهانى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکرێتەوە.
لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا، ئامادەکارى و بەرنامەى سەردانەکە خرایە ڕوو، کە لە پەراوێزى بەشداریکردنی لە پیشانگاکەدا، پارێزگارى هەولێر چەندین دیدار و کۆبوونەوەى گرنگى لە گەڵ هەریەک لە ( پارێزگارى تاران، پارێزگارى قەزوین، پارێزگارى زنجان، پارێزگارى ئازاربایجانى ڕۆژئاوا (ئورمییە) دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە هەموو ئامادەکارییەک کرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، سوپاسى سەر کونسوڵی گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێران و ستافى کونسڵخانەى ئێرانى لە هەولێر کرد، بۆ ڕێکخستنى سەردانەکە و هەوڵەکانى بەڕێز سەرکونسڵى بەرز نرخاند و خۆشحاڵى خۆشى بە بانگێشتنامەى فەرمى و بەشدارییان لە کردنەوەى پیشانگاى ( iran - expo 2025 ) و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ ( پارێزگارانى تاران، قەزوین،زنجان، ئازاربایجانى ڕۆژئاوا ) نیشاندا.
لە کۆتایدا سەرکونسڵی گشتیى کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاسى پارێزگارى هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا پێشکەش بە کونسڵخانەى وڵاتەکەیان کردووە.