زایەڵە - شەوی یەکشەممە 2025.4.27، محمەد سادق معتەمدیان، پارێزگاری تاران، بە یاوەری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنی مانەوەی، سەردانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری کرد.
لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ستافی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تاران و بەرپرسی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئامادەی بوون، پارێزگاری تاران وێڕای بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی پارێزگاری هەولێر بۆ تارانی پایتەخت و بەشداری لە پیشانگای ( ئێران-ئۆکسپۆ 2025 ) نیشاندا.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی سەردانەکەی پارێزگاری تارانی کرد و جەختی لە پتەوکردنی زیاتر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.
هەروەها سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەم دواییەی بەندەر عەباس، سەرەخۆشی هاوخەمی خۆی گەیاند و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواست.