زایەڵە ـــ تیمێکی تایبەتی گروپی شاخەوانی مەقان بە هاوبەشی تۆڕی شاخەوانی کوردستان و بەشداری گرووپی هەردەوانی گەرمیان و گرووپی شنروێ گەشتێکی شەومانەوەیان ئەنجام دا بۆ ناوچەی باڵاکایەتی.

لە ڕاگەیێندراوی بەشی ڕاگەیاندنی گرووپ هاتووە: تیمێکی تایبەتی گرووپی شاخەوانی مەقان  بە هاوبەشی گرووپی شاخڕەوی شنروێ و کۆمەڵەی هەردەوانیی گەرمیان گەشتیكی شەو مانەوەیان  ئەنجام دا بۆ  سروشتە جوان و دڵگیرەکەی دەڤەری باڵەكایەتی  بەبەشداری 5 کەس لەئەندامانی گروپەکەمان.

لە گەشتەکەماندا چاومان کەوت بە هاوڕێیانی گروپی شاخەوانی چەمچەماڵ خۆشحاڵ بوین بە دیداریان. 

سەرەتای گەشتەکەمان لەشاری چەمچەماڵەوە دەستی پێکرد لەدوای نوێژی بەیانی ڕۆژی هەینی بەڕێکەوتین بەرەو ناوچە جوان و ڕازاوەکەی باڵەکایەتی یەکەم وێستگەی گەشتەکەمان لە ناحیەی قەسرێ بوو کاتژمێر 10پێش نیوەڕۆ گەیشتینە تاڤگەی کانی بەست  لەوێ نانی نیوەڕۆمان نۆش کرد ئاوێزان بوین لەگەڵ سروشتە دڵ ڕفێنەکەی تاڤگەی کانی بەست کە بەرزترین تاڤگەی کوردستان و عێراقە وێنەی تاڤگەکە لەسەر دراوی پەنجا هەزاری چاپ کراوە پاش پشودان و چرکاندنی وێنەی یادگاری جوان کاتژمێر 11 و نیوی نیوەڕۆ بەڕێ کەوتین بۆ مزگەوتی گەورەی قەسرێ و لەوێ نوێژمان ئەنجامدا و پاشان بەڕێ کەوتین بۆ دوەم وێزگەی گەشتەکەمان کە پڕژێ بوو لە گوندی وێزێ سەر بە قەزای چۆمان.

سەیر کردن و تێڕامان لە سروشتی جوانی ناوچەکە و جوانی تونێلی بەفر و هاژە هاژی ئاوی تاڤگەی پڕژێ  لەپاش چرکاندنی چەن وێنەیەکی یادگاری  بڕیارمان دا بەڕێ بکەوین بۆ ( گۆمی فێڵاو )  کات ژمێر 5ی ئێوارە گەشتینە گۆمە جوان و ڕازاوەکەی فێڵاو لەوێ بڕیاری شەو مانەوەمان دا دەسمان کرد بە ئامادەکاری بۆ کەمپین کردن و ئامادە کردنی نانی ئێوارە، پاش نان خواردن  وپشودان تا درەنگانێکی شەو لە کەشوهەوایەکی باراناوی تەواو جیاوازدا شەومان بەڕێکرد. بەیانی لەپاش بەرچایەک دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانی کەمپین پاشان بەڕێ کەوتین بۆ گوندی کیکان لەحاجی ئۆمەران کە ناسراوە بە نیشتیمانی گوڵە شلێرەکان پاش گەیشتنمان بە کیکانی و گوڵەشلێرەکان بەڕاستی سەرسام بوین لە جوانی ئەو سروشتە جوانە، پاش گەڕانێکی زۆر، چا خواردنێک لەناو گوڵە شلێرەکان و  چرکاندنی چەندین وێنەی یادگاری جوان  کۆتایمان بە گەشتەکەمان هێنا سوپاس بۆ خوای گەورە  بە سەلامەتی گەڕاینەوە شاری چەمچەماڵی.