زایەڵە-لەچوار چێوەی گۆڕانكاریەكان و پەسەند كردنی بڕیارەكانی دیداری یەكێتی، ئەو حزبە چەندین گۆڕانكاری لە ژمارەی مەڵبەند و مەكتەبەكانی دەكات و بەشێكی مەكتەب و مەڵبەندەكان یەكدەخرێن، زایەڵەوردەكاری گۆڕانكارییەكان ئاشكرا دەكات.

 بەگوێرەی زانیارییەكانی زایەڵە، بەمەبەستی جیبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی دووەمین دیداری یەكێتی بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەرچوار (مەكتەبی ڕێكخستن، مەکتەبی كۆمەڵایەتی، مەكتەبی شەهیدان و  ڕێكخراوە دیموكراتەیەكان) لەبەرامبەردا ئەو چوار مەكتەبەی یەكێتی یەك دەخرێن و دەبنە (مەكتەبی كاروباری ڕێكخراوەیی)، هاوكات لەبری ئەو چوار مەكتەبە چوار بۆرد لەناو یەك مەكتەب دروست دەكرێت و هەر بۆردێك ئەندامێكی سەركردایەتی سەرپەرشتی دەكات و بەرپرسی مەكتەبەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەبێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە چوارچێوەی گۆڕانكاریەكان یەكێتی بڕیاریداوە بە دروستكردنی مەكتەبێكی نوێ بەناوی (مەكتەبی چاودێری و بەدواداچوون) ئەو مەكتەبەش بە هەماهەنگی لەگەڵ مەڵبەندی دیراساتی گشتی، پرسی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی كاندید و بەرنامەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە ئەستۆ دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێكخراوە پیشەیەكانی كەم دەكاتەوەو لەقۆناغی یەكەم (كۆمەڵەی خوێندكاران و ڕێكخراوی ئازادی لاوان) یەكدەخرێن و ناودەنرێن ( ڕێكخراوی گەنجان).

زایەڵەئەوەشی زانیوە كە لە قۆناغی یەكەمدا 18 مەڵبەندی یەكێتی بۆ 11 مەڵبەند كەم دەكرێنەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا مەڵبەندەكان تەنها لە سەنتەری پارێزگاكان دەمێننەوە، هاوكات مەڵبەندەكانی ۱۷ی ڕۆژئاوای كەركوك و ۱٨ی ڕۆژهەڵاتی كەركوك و ۱٦ی حەمرین و ۲۰ی قەرەچوغن، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان نییە و دەخرێنە سەر مەڵبەندی دووی كەركوك و مەڵبەندی قەرەچوغیش دەخرێتە سەر مەڵبەندی سێی هەولێر.

هەر لە زانیارییەكانی زایەڵە ئەوەشهاتووە كە لە هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندەكانی چەمچەماڵ و كۆیە و سۆران و خانەقین و پێشمەرگە فشار دروست بووە و داوای مانەوەیان دەكرێت، بۆیە بڕیارە لیژنەیەك چارەنوسیان یەكلای بكاتەوە و ڕای بەهێز ئەوەیە تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بمێننەوە و دواتر بڕیاریان لەسەر بدرێت.

یەكێتی بڕیاریشداوە كە لە ڕێگای لیژنەیەكەوە پێداچوونەوە بۆ مەكتەبی ڕاگەیاندنی بكات و پێداچوونەوە بەو دەزگا ڕاگەیاندنانە بكرێت كە سەربە مەكتەبی ڕاگەیاندن، هاوكات مەكتەبی دارای و ئیدارەی گشتی كە كراون بە دامەزراوە دارایەكان وەك خۆیان دەمێننەوە سەربە مەكتەبی سەرۆكی یەكێتی دەبن.

ک