زایەڵە ـــ یونس ئەمیری ڕاوێژکاری پارێزگاری کرماشان لە بازنەی عێراق، هەواڵی لە بەدواداچوونی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی دیالە و کرماشان بۆ پەیوەندی هێڵی شەمەندەفەڕی تاران - بەغدا لە ڕێگەی خوسرەوی-مەنزەرییەوە دا و وتی: لەسەر ئیزنی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بودجەی ٣٠هەزار ملیار تمەنی لەسندوقی پاشکەوتی دراو بۆ پەیوەندی هێڵی شەمەندەفەری نێوان کرماشان و خوسرەوی تەرخانکراوە و ئیرادەیەکی نەتەوەیی لە ولاتدا بوونی هەیە بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دکتۆر حەبیبی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکان بەتایبەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هەیە، ئیرادەیەکی جددی لە ئارادا هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم بودجەیە و تەواوکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە.
یونس ئەمیری لە ڕاگەیاندنی ئەم بابەتەدا گوتی: نزیکی لە دوو کەرتی عەرەبی و کوردی عێراق سوودی گرنگی بۆ کرماشان دروستکردووە لە بوارەکانی ئابووری و گەشتیاری و بازرگانی دەرەکی و لەم ڕووەشەوە پارێزگاری کرماشان زۆر تێکۆشەر دەرکەوتووە و جەختی تایبەتی لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکان لەگەڵ پارێزگا سنوورییەکانی دراوسێ لە هەردوو بازنەکەدا کردووە.
ناوبراو وتیشی: دوو سنووری زۆر گرنگی خوسرەوی و سومار دەکەونە نزیکی بەشی عەرەبی عێراق و پارێزگای دیالە و ساڵانە نیوەی هەناردەکردنی کرماشان بۆ عێراق لەو دوو سنوورەوە ئەنجام دەدرێت و هەروەها لە ئەربعینی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن زیارەتکاری حوسەینی لە سنووری خوسرەوییەوە تێپەڕیوە. بە واتایەکی تر دیالە دەروازەیەکی زۆر گرنگی ئابووری و بازرگانی و زیارەتی و گەشتیارییە بۆ وڵاتەکە.
یاریدەدەر و ڕاوێژکاری پارێزگاری کرماشان لە بازنەی عێراق لە درێژەدا ڕایگەیاند: پارێزگای دیالە نزیکەی دوو ملیۆن جەماوەری هەیە و هەمان بارودۆخی کرماشانی هەیە و لەڕووی کەلتوور و ئایین و مێژوویشەوە نزیکی زۆر لەنێوان ئەو دوو پارێزگایەدا هەیە.
ئەو کارناسە ئابوورییە ئاماژەی بە دەرفەتی ئابووری و بازرگانی فراوان و بێگەردی پارێزگای دیالە کرد بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت و گوتی: بەڕێوەبەرە باڵاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆمەڵگەکانی کەرتی تایبەتی پارێزگای دیالە لە کۆبوونەوە هاوبەش و دوولایەنەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوو پارێزگاکەدا داوای بەشداری وەبەرهێنەرانی کرماشان دەکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانی و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری و پزیشکی و وەرزشی وەک دامەزراندنی هۆتێلی گەورە و نەخۆشخانەی ئامادەکراو و کۆمەڵەی وەرزشی گەورە و دروستکردنی پردی گەورە و سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیارییەکان.
ئەمیری ئاماژەی بە بەردەوامی دیدارە دوولایەنەکانی نێوان بەڕێوەبەرە باڵاکانی پارێزگای کرماشان و دیالە دا و وتی: لەدوایین ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوودا دکتۆر حەبیبی و وەفدەکەی بەبانگهێشتی فەرمی پارێزگاری دیالە سەردانی ئەم پارێزگایەیان کرد و کۆبوونەوەیەکی کاری زۆر پڕبەرهەم لەگەڵ پارێزگاری دیالە و نوێنەرانی ئەم پارێزگایە لەپەرلەمانی عێراق و هەروەها لەگەڵ چالاکوانانی ئابووری و بازرگانی ئەم پارێزگایە ئەنجامدرا.
یونس ئەمیری ڕاوێژکار و یاریدەری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری عێراق زیادیشی کرد: له لایەنی عێراقەوە پەیوەندییەکی نزیک له نێوان پارێزگاری دیاله و وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق هەیە هەروەها پارێزگای دیاله 15 نوێنەری له پارلەمانی عێراقدا هەیە کە بە کێشێکی سیاسی گرنگ لەو وڵاتەدا دادەنرێت، کەوابوو هیوایەکی زۆر هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە.