زایەڵە - كۆمپانیا پیشەسازییەكانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا بولگاری و ڕووسییەكان، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەباین بە ستانداردی نێودەوڵەتی، بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیش ئاشكرایدەكات ئەو ئتۆمبێلانە بە پاڵپشتی دارایی حكومەت بە نرخی پێنج تا حەوت ملیۆن دینار دەدرێنە هاووڵاتیان.

ئەندازیار عەلی موحسین، بەڕێوەبەری كۆمپانیای پیشەسازییە جەنگییەكانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە: 34 گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا جۆراوجۆرە جیهانییەكان واژۆكردووە بەمەبەستی پێشخستنی بواری پیشەسازیی لە عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمپانیا پیشەسازییەكانی بولگاریا و روسیا و چیك هاوكارێكی باشن بۆ تەواوكردنی كارەكەیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای بەرهەمهێنانی پێداویستییە سەربازییەكان كۆمپانیای پیشەسازیی عێراق پلانیداناوە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و لەو بوارەدا هەنگاوی باشی ناوە بەڵام هێشتا نەیخستووەتە بازاڕەوە، ئۆتۆمبێلەكان لەئاستێكی زۆرباش و سەردەمیانەدا دەبن نرخەكانیان لە نێوان پێنج ملیۆن و نیو تا حەوت ملیۆن دیناردایە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای پیشەسازییە جەنگییەكانی عێراق جەختیشی كردەوە حكومەت پاڵپشتی نرخی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان دەكات، چونكە كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی دەبێت لەماوەی مانگێكدا، بەمەش ساڵانە عێراق دەتوانێت 24 هەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەرهەمبهێنێت.

ک