زایەڵە - مەسرور بارزانی بۆ شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەکات جوڵەی بازرگانی هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی

ئه‌مڕۆ پێشوازیمان له‌ شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە  لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو .

جەختمان لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کرد. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان. 

هەروەها جەختمان لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کردەوە.

هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرد و جەختمان لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق  لەو پڕۆژە گرنگەدا کردەوە.

دووپاتمان کردەوە، کە پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە.

ئاماژەشمان بەوە دا ،کە عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت.

ک