زایەڵە - وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: لە ڕێگەی بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانەوە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەڕەنساو ئەحمەد شەرع ڕێکخراوە، بەمەرجی ئەوەی لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت.

 د. فەرهاد تۆفیق حەسەن وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەڕۆژی ١٠-٣-٢٠٢٥ ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵی لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا ئیمزا کرا. هەموو بۆچوونەکان بەوئاراستەیەبوون، کە ئەمە ڕێککەوتنێکی گرنگەو هەنگاوێکی جدییە بۆ بنیاتنانەوەو دروستکردنەوەی سوریای نوێ.

وتیشی، لەڕاستیدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نەنراو بەپێچەوانەوە هەنگاوەکانی دوای ڕێککەوتنەکە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوون. ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەوکات ڕامانگەیاند وێڕای تێبینیمان لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە (کە دەستکەوتی گرنگی بۆ نەتەوەی کورد تێدانەبوو) پێشەوازیمان لەڕێککەوتنەکە کردو داوامانکرد کە سەرکردایەتی کورد گرنگە وردبینانەو دووربینانە هەنگاو بنێت و ناوچەکە لەبەردەمی گۆڕانکاری خێراو گرنگدایە.

ڕونیشیکردەوە، لە ئێستادا دوو ئاماژەی ڕوون بۆ گۆڕانکاری نوێ لە سوریادا هەیە. یەکەم لەئێستادا ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشاوەتەوەو لە ڕێگەی بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانەوە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەڕەنساو ئەحمەد شەرع ڕێکخراوە، بەمەرجی ئەوەی لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت. دووەم،ئەمریکا ئامادە نەبووە پێشوازی لەو وەفدەی سوریا بکات کە لەئەمریکایەو هەشت مەرجیان بۆ داناون و پێیان وتوون ئێوە حکومەت نین تا ئەو خاڵانە جێبەجێ نەکەن، تەنیا چەند کۆنگرێسمانێک پێشوازییان لێکردوون.گرنگە سەرکردایەتی کورد زۆر بەوردی خوێندنەوە بۆ پێشهاتەکان بکات تا هەنگاوی دروست هەڵبگرێت.


ک