زایەڵە - تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، پەیامێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و داوای کردووە وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی پەنجا ملیار دیناری دیکە وەکو داهاتی نانەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

بەپێی پەیامەکەی وەزیری دارایی عێراق، لە بەرامبەر ناردنی ئەو بڕە، بەغدا بڕی ٧٥٠ ملیار دینار وەکو مووچەی مانگی ٤ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی رابردوودا، عێراق بڕی ٩٥٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی هەر مانگێک بۆ هەرێم دەنارد.

سامی رایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکە نەبووە کە بەپێی ئەو رێکەوتنە دەبێت هەموو مانگێک ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات. 

وەزیری دارایی عێراق ئەم هۆکارەی وەک بەهانەی کەمکردنەوەی پارەی مووچەی هەرێم خستووەتەڕوو.

ئەم پەیامە لە کاتێکدا دێت کە گرژییەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو لا.

ک