زایەڵە-دارا سێكانیانی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر دابەشكردنی مووچە لە عێراق ناكات.
هەروەها جەختی كردەوە، دواكەوتنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بێمتمانەیی لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق دەگەڕێتەوە.
سێكانیانی وتی ،ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە پێویستی بە رێككەوتن نییە، بەڵكو پێویستی بە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە".
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد: "حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پێویست ئامادە نییە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات كە 11 ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی چارەسەر بووە، بەڵام هەنگاوی جدی بۆ نانرێت".
سەبارەت بە كاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت، سێكانیانی روونیكردەوە ،كە حكومەتی عێراق تووشی گرفتی دابەشكردنی مووچە نابێت، چونكە عێراق خاوەنی یەدەگێكی باشی دراو و زێڕە. ئەو پێی وایە رەنگە دابەزینی نەوت كاریگەریی لەسەر هەندێك پرۆژە درووست بكات، بەڵام كاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت.
سێكانیانی هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق، هەر خانەنشینێك بگاتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، بە كۆمەڵێك مەرجی دیكەوە، ئەوكات ئیكرامیی دەیگرێتەوە و 12 مووچەی بنەڕەتیش وەردەگرێت.
ک