زایەڵە-ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییەكانی حكومەتی عێراقی سەبارەت بە لیستی مووچە جێبەجێكردووە و خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم كە مافێكی یاسایی رەوای مووچەخۆرانە خەرجبكرێت و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشكرا جەختی لەم مافە كردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر رەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پـڕۆژەی روونـاكی بـۆ دابینكـردن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بیست و چوار كاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەكـانی كارەبـای نیشـتمانی لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەبڕیارەكەی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی كارەبای راسپارد بۆ دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی بڕیارەكە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی راسپاردنی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كرا بۆ هەماهەنگی و هاریكاریی دەستەی هاوبەشی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسی راپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینیی داراییی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی 2023، 2024، 2025.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە بەردەوامبوونی هاریكاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لە هەمانكاتدا دووپاتیكردەوە كە دەبێت حكومەتی فیدراڵ وەكو هەرێمێكی فیدراڵ و قەوارەیەكی دەستووری رەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و رێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم وشایستە داراییەكانی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بێ كێشە دابینبكات، بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییە تەكنیكی و ژمێریاری و یاساییەكانی حكومەتی عێراقی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینكردنی ژمارەی كەسیی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم كەرتە جیاوازەكانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێكردووە و هیچ كەموكوڕییەكی تەكنیكی لەم ڕووەوە نەماوە، تا بكرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم كە مافێكی یاسایی رەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشكرا جەختی لەم مافە كردووەتەوە.
ک