زایەڵە - لەوتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ زایەڵە، نەوزادی موهەندیس چاودێری سیاسی سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە ڕایگەیاند، ئەوەی كە ڕاگەیەنراوە، بەڵێ كۆتایی بە قۆناغی چەكدانان و شۆڕشی چەكداری هێناوە و خۆی ئامادە دەكات بۆ قۆناعێكی نوێ كە لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ئەم سەردەمەدا بگونجێت و ئیدی كۆتایی بە مێژوو و ڕابووردووی شۆڕشی چەكداری هێناوە و وەكو ئەركی مێژوویی ڕابووردوو كۆتاییان پێهێناوە.
وتیشی: داهاتووی پەكەكە ڕەنگە بەناو و بەرنامە و دروشمی نوێوە، بێت دوای ئەوەی كە دەستور و یاساكانی توركیا هەمواردەكرێنەوە و ڕێگە دەدرێت بەكاری سیاسیان، ئەوانیش بكەونە خۆ بۆ بەشداری لە كار و خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی و جەماوەری وەكو هەموو هێزێک و حیزبە تورك و كوردیەكان و بتوانن لەناو پەڕلەمانی توركیادا داواكاری و مافەكانی كورانی باكور وەدەستبێن.
وتیشی: یان دەچنە ناو یەكێك لەو حیزبی كوردیانەی كە مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، وەك دەم پارتی. سەركردە و كادر و ئەندامەكانیشیان ئەوەی خەڵكی بەشەكانی كوردستانەكانی ترە دەگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەوانەشی كە چەكداری ئاسایی كوردی توركیا بوون بەهەمان شێوە دەگەڕێنەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆیان و دەمێنێتەوە سەركردە دیارەكانیان یان داوای مانەوە و پەناهەندەی سیاسی دەكەن لەوڵاتانی ناوچەكە یان وڵاتانی ئەوروپا و ئیدی بەو شێوەیە دەچنە قۆناغێكی نوێی ئایندەوە.
نەوزادی موهەندیس لەبارەی ئەگەرەکانی دیکە سەبارەت بە چارەنووسی پەکەکە، وتی: ڕەنگە بۆخۆشیان پلان و بەرنامەی تریشیان هەبێت. چونكە هێشتا بە تەواوەتی هەموو خاڵ و بەندەكانی ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیادا ئاشكرا نەبوە و نازانرێت دەسەڵاتدارانی توركیا لە ئاكاپە و مەهەپە چۆن بیردەكەنەوە و چییان لە بەرنامە و خەیاڵدایە بۆ ئایندە، چونكە دوای بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ی پەكەكە تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە و ناچارن هەنگاوی هاوشێوەی بوێرانە هەڵبنێن و پڕۆسەی ئاشتی بەرەو پێشەوە بەرن و لە دۆخێكی شڵەژان و دڵەڕاوكێدان.
ئەو چاودێرە سیاسیە سەبارەت بە چارەنووسی قەندیل پاش چۆڵ کردنی لەلایەن پەکەکەوە، وتی: قەندیل وەك بەشێكی یاسایسی لە خاكی دەوڵەتی عێراق، ڕەنگە ئەو مافە زیاتر بێتە لای عێراقیەكان و بەدڵنیاییش بەهاوكاری حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی، سنورە نێودەوڵەتیەكان دەپارێزن و دەچنەوە ژێر دەسەڵات و چاودێری ئەو لایەنانە.
نەوزادی موهەندیس لەبارەی دەستکەوتی کورد لە تورکیا لە ئانجامی ئەم گۆڕانکاریانە، وتی: كورد لە تورکیا دەسكەوتی گەورەی چنگ دەكەوێت، شەڕ و جەنگ وكوشتوكوشتاری 47 ساڵی كۆتایی پێدێت. ترس و سام و گرتن و ڕاوەدونانی كوردان نامێنێت بەناوی تیرۆریستان و پشتیوانی پەكەكەوە. ئاوەدانی و گەشە و بوژاندنەوە ڕوودەكاتە كوردستانی باكور، كاریگیریشی دەبێت بۆ ڕۆژئاوا و باشوریش. كوردان دەتوانن ببنە خاوەنی كورسی و دەنگی زۆرینەی كورد لە باكور و بچنە ناو پەڕلەمانی توركیاوە بەهێزێكی گەورەترەوە. جاشایاتی و كوردفرۆشی لەناو كوردەكانی باكوردا نامێنێت. دیموكراتی و هاوڵاتیبوون و دادەپەروەری بۆ هەموان فەراهەم دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بەم شێوەیە كودانی باكور بە گشتی و سەرجەم كورد سوودەمەند دەبن و ئاشتی و ئاشتەوایی و جێگیری ڕوویان تێدەكات، چونكە كوردستانی باكور بە گەورەیی و پانتایی جوگرافیا و ژمارەی كوردانی و دەوڵەمەندی لەڕووی ئاو و كشتوكاڵ و وزە و ..هتد.وە كاریگەری گەورەی دەبێت بۆ كوردان و تەنانەت بۆ دەوڵەتی توركیاش.
ک