زایەڵە-وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 كەس لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەچنە سعودییە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ڕۆژی هەینی یەكەم كاروانی حاجیان لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی بەڕێگای وشكانی بەڕێدەكەون.

كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێكردنی یەكەم كاروانی حاجیانی ئەمساڵ لە 16ی ئەم مانگەوە كۆتایی هاتووە، بەجۆرێك ڕۆژی هەینی بەڕێگای وشكانی حاجیانی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەڕێدەكەون بۆ سعودییە هەموو خزمەت گوزارییەكیان بۆ دابینكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژی 17ی ئەم مانگەش حاجیانی هەولێر و دهۆك و ئیدارەكانی سۆران و زاخۆ، بەڕێگای وشكانی بەڕێدەكەون، هاوكات ڕۆژی 19ی ئەم مانگەش یەكەم كاروانی حاجیان بەڕێگای ئاسمانی لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، لەكاتێكدا ساڵی ڕابردوو چوار هەزار و 685 كەس بوون.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، تێچووی حەج بەڕێگای وشكانی بریتی دەبێت لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار، هاوكات بەڕێگای ئاسمانیش هەر حاجییەك بڕی حەوت ملیۆن دینار وەرگیراوە، هاوكات حكومەتی هەرێمیش بڕی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتی حاجیان تەرخانكردووە ئەگینا پارەكە زیاتر دەبوو لەسەر حاجیان، هاوكات ئەمساڵیش ڕێگە نادرێت بە ڤیزای ساڵی حەج ئەنجام بدرێت.

ک