زایەڵە - ئارەش  زرەتەن لهۆنی پارێزگاری کوردستان و هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاری هاوبەشی نێوان دووپارێزگایان کە بوارە جۆربەجۆرەکانی لەخۆ گرتووە، واژۆ کرد.

ئەمەی خوارەوە دەقی یادداشتەکەیە کە لە کۆبوونەوەی پارێزگاران لە سنە واژۆ کرا:


بِسْمِ ٱللَّٰهِ ٱلرَّحْمٰنِ ٱلرَّحِيمِ

 

 یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاری هاوبەشی نێوان پارێزگاری کوردستانی ئێران و پارێزگاری سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق

بەمەبەستی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە سێ بواری ئابووری، کولتووری - کۆمەڵایەتی، زانستی - تەکنەلۆژی و بە مەبەستی بەکارهێنان و سوودەرگرتنی باشتر لە تواناکان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و قازانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە، ئامادە کراوە.

پارێزگارانی پارێزگای کوردستان و پارێزگای سلێمانی وێڕای ڕێزگرتن لە لێکتێگەیشتنەکانی  پێشوو، لەسەر ئەمانەی خوارەوە ڕێککەوتن:

مادەی یەکەم: تەوەری ئابووری: گەشەپێدانی هاوکاریی سنووریی و پەرەپێدانی بنیاتنەرانەی ژێرخانەکان

١ - ١ ئاسانکاریی بازرگانی و  گومرگی:

* بەهێزکردن و بەردەوامبوونی هاوبەشی داوەریی کە ئێستا لەکاردایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی یاسایی و ناکۆکیی لە ڕێککەوتنەکانی نێوان بازرگانان و چالاکانی ئابووری دوولایەن.

* بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە یەکگرتووەکان لەسەر سنوورە هاوبەشەکان لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە.

* گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ناساندنی سنووری سەیرانبەند – بانە وەک دەروازەیەکی سنووریی فەرمی و مەرزی سەیف – سەقز وەک بازاڕی سنووریی فەرمی.

* زەمینەسازیی بۆ قبوڵکردنی بڕوانامەی ستانداردی سەرچاوە، لەلایەن دەسەڵاتی گومرگی لایەنەکانەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە تاقیکردنەوە لەسەر کاڵا هەناردەکراوەکان.

* هەوڵدان بۆ کردنەوەی تاقیگەی مەرجەعی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پەیوەندیدار و دەرکردنی بڕوانامە کە لەلایەن لایەنەکانەوە دانی پێدا نراوە.

هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردن و باجی گومرگی لەسەر کاڵا هەناردەکراوەکان، بەتایبەتی پیشەسازیی دەستی.

*هاوکاریی لایەنی پێوەندیداری گومرگی و هێزی سنوورەڤانی بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاسانکاریی بازرگانیی یاسایی و نەهێشتنی کێشەکان لە ئیقامەی هاووڵاتیان. 

* هەوڵدان بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دابینکردنی هەلومەرج بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵای هەناردەکراو و ئەوانەی کە ئەولەویەتی ماوەبەسەرچوونیان هەیە و خێرا خراپ دەبن و بەرهەمی کشتوکاڵی لە ڕێگای سیستەمی گواستنەوەی دوولایەن یان لە ڕێگەی کۆمپانیای هاوبەشی نێودەوڵەتی گواستنەوە. 

* خۆبەدوورگرتن لە بڕیاری لەناکاو و بێ پلانی سنووردارکردن لە گواستنەوەی کاڵا و ئاگادارکردنەوەی دەسبەجێی لە ڕێگای سکرتاریەتی هاوبەشەوە.

١ - ٢ سەرمایەگوزاریی هاوبەش:

* هاندان و ڕاکێشانی سەرمایەدارانی بەتوانا و شایستە بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش بەپێی یاسا و دۆخی گونجاو.

* ئەنجامدانی کۆنفرانسی هەلی سەرمایەگوزاریی هاوبەش.

* هەوڵدان بۆ دروستکردنی بازاڕێکی سنووریی هاوبەش لەسەر سنووری هاوبەش، لەوانەش لەسەر مەرزی باشماخ و چالاککردنی بازاڕە سنوورییەکانی سێف و سەیرانبەند.

* هاوکاری بۆ دامەزراندنی شارۆچکەی پیشەسازی هاوبەشی سنووری.

 

١ - ٣ ژێرخانەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری:

* ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری و هاوکاری لە پڕۆژەکانی بیناسازی، پەرەپێدانی ژێرخانی و پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوە.

* کردنەوەی نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی سیستەمی ئەندازیاری کانگا، بیناسازی و کشتوکاڵ و سامانە سروشتیەکان.

١ - ٤ ئابووری تەندروستی

* تاوتوێ و لێکۆڵینەوە لە پێکهێنانی تیمی پزیشکی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکان و هاوکاری لە بواری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درمیەکان (گوازراوەکان) و بەرەوپێشبردنی تەندروستی گشتی.

* برەودان و بەهێزکردنی گەشتیاریی تەندروستی، گەشەپێدانی ئێکۆتوریسمی تەندروستی و ڕێکخستنی بازاڕی نافەرمیی گەشتیاریی تەندروستی لەپێناو پاراستنی مافی ئەوانەی خزمەتی پزیشکی وەردەگرن.

 

مادەی ٢: تەوەری کولتووری - کۆمەڵایەتی - ژینگەیی: بەهێزکردنی شوناسی هاوبەش و هاوکارییە کولتوورییەکان

٢-١ میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری: 

* ئەنجامدانی بۆنە هاوبەشەکان لەوانە فێستیڤاڵ، گەشتی ئاشنابوون بە گەشتیاری، کۆنفرانس و پێشانگای تایبەتمەند لە بواری گەشتیاری و کاری دەستی.

* لەبارکردنی بەستێن بۆ بەرفراوان کردنی هاوکاریی کۆمپانیای گەشتیاری بە مەبەستی پەرەپێدانی گەشتیاری و جێبەجێکردنی گەشتە هاوبەشەکان.

* پلاندانان بۆ گەشتی هۆشیاری و بەبازاڕکردن بۆ کۆمپانیا و چالاکوانانی بواری گەشتیاری تەندروستی بۆ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانەی مۆڵەتیان هەیە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نێودەوڵەتی (IPD) هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان (ئیکۆتۆریسم) لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەشتیاری تەندروستی.

* ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران.

* بوژانەوەی ڕێگای زیارەتی و مێژووییە هاوبەشەکان بۆ سەردانی شوێنە ئاینی و مێژووییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری

٢-٢ ڕۆشنبیری و هونەر:

* هەوڵدان بۆ دانانی بناغەی بەڕێوەچوونی دوو ساڵانەی هەفتەی هونەری کوردی (فیلم، شانۆ، فێستیڤاڵەکانی مۆسیقا و هتد)

* هەوڵدان بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی خەڵاتی ئەدەبی - هونەری و کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی کتێب و  بەرهەمی هونەری.

* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی و داتابەیسێکی هاوبەش لە ئەدەبیات و مۆسیقا و ئاوازی کوردی لۆکاڵی بە هاوکاری زانکۆ و دامەزراوە ئەدەبییەکان و دامەزراوەکان و هونەرمەندانی هەردوولا.

٢-٣ بوارەکانی کار و خوشگوزەرانی کۆمەڵایەتی: 

*هەوڵدان بۆ بەستنی ڕێککەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی هێزی کار و پاراستنی یاسایی بۆ هێزی کاری لایەنەکان.

* دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژکاری پیشەیی و گەڕان بەدوای کاردا بە مەبەستی ئاسانکاری لە مەرجەکانی ناردنی هێزی کار لە هەردوو لایەنەوە بەپێی یاساپەیڕەوکراوەکان.

*هاوکاری لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەکانی فێرکردن و خۆجێیکردنیان لە چوار بەشی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، و ڕۆشنبیری و هونەر، و دامەزراندنی ناوەندی تەکنیکی و پیشەیی هاوبەش.

٢-٤ ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان

* پەرەپێدانی هاوکاریی بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری پاراستنی دارستان و سەرچاوە ژینگەییەکان و سوودەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشە ژینگەییەکان.

* ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ژینگەیی و ڕاهێنان بۆ پێشخستنی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ژینگەییەکانی هەردوو لایەن.

* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی هاوبەش و یەدەگی بایۆلۆجی هاوبەش بە مەبەستی پاراستنی ئیکۆسیستەم و جۆراوجۆری بایۆلۆجی ناوچەکە، بەپێی یاسا بەرکارەکان.

 

مادەی سێیەم: خوێندنی باڵا و داهێنان و تەکنەلۆژیا

* بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا بەتایبەتی لە بوارە زانستییە نوێیەکانی وەک زیرەکی دەستکرد.

* فراوانکردنی هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی مامۆستا و خوێندکار لە نێوان زانکۆکانی دوو لایەن.

* بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و بۆنەی هاوبەشی زانستی و ڕۆشنبیری لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا.

* هەوڵدان بۆ کردنەوەی پلاتفۆرمی پەروەردەی ئۆنلاین (زانکۆی مەجازی) بە پێشکەشکردنی خولی هاوبەش.

* کردنەوەی کورسییەکانی توێژینەوەی هاوبەشی یونسکۆ.

* پێناسەکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە بواری تەحەددای هاوبەش وەک قەیرانی ئاو و وشکەساڵی، خۆڵ و ئاسایشی خۆراک و هتد، هەروەها پێدانی هەلی خوێندنی ٦ مانگ بە توێژەران لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی لایەنەکان.

* دروستکردنی کۆڕپوسێکی گەورەی زمانی کوردی بە هاوکاری زانکۆکانی هەردوولا.

* هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەی خولەکان و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ ڕاهێنەرانی کارامەیی پێویست بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەندەکانی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (فنی و حرفه‌ای) ئێران.

* هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئابووری دیجیتاڵی و ناساندنی توانا و بازرگانی لایەنەکان لە بواری ICT.

* یارمەتیدان لە وەبەرهێنان لە یەکەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری (دانش‌بنیان) و کردنەوەی ئۆفیسی ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیا/بازاڕی تەکنەلۆژیا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری.

* فراوانکردنی هاوکاری لە دامەزراندنی پارکی زانستی و تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان.

مادەی چوارەم: بەدواداچوون و جێبەجێکردن

* سکرتاریەتێکی هەمیشەیی بۆ هەماهەنگی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی دیکە، پێشتر پێکهێنراوە و بەردەوام دەبێت،  ڕاپۆرتێکی شەش مانگە ئامادە دەکات سەبارەت بەوەی تا چەند ئامانجەکانی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە بەدیهاتووە و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی لابراون.

 ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لە ٤ مادە و بڕگەکانی خوارەوەیان بە ٢ کۆپی بە زمانی فارسی و ٢ کۆپی بە زمانی کوردی، بە یەکسانی ڕەوایەتی یاسایی داڕێژراوە و لە ٣١ی گوڵان (ئۆردیبەهەشت)ی   ١٤٠٤ / ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥ واژۆ کراوە. لایەنەکان بە هاوبەشی جەختیان لە جێبەجێکردنی کردووەتەوە لە بەرواری واژۆکردنیەوە.

کۆی ماددە و بڕگەکانی ئەم یادداشتە پابەندی یاسا و بڕیار و ڕێنمایە بەرکارەکان دەبن بەپێی یاساکارپێکراوەکانی هەر لایەنێکی ئەم یادداشتە.

 

 

پارێزگاری کوردستان،

کۆماری  ئیسلامی ئێران

ئارەش  زرەتەن لهۆنی

 

پارێزگاری سلێمانی هەرێمی کوردستان

 هەڤاڵ ئەبوبەکر حسێن