زایەڵە - یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاری هاوبەشی نێوان پارێزگاری کوردستانی ئێران و پارێزگاری هەڵەبجە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆبوونەوەی سنە، واژۆ کرا.
بەمەبەستی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای
کوردستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە
لە سێ بواری ئابووری، کولتووری - کۆمەڵایەتی، زانستی - تەکنەلۆژی و بە مەبەستی
بەکارهێنان و سوودەرگرتنی باشتر لە دەفرایەتی و تواناکان لەپێناو بەرزکردنەوەی
ئاستی پەیوەندییەکان و قازانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە، ئامادە
کراوە.
پارێزگارانی پارێزگای کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە، وێڕای ڕێزگرتن لە
لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو، لەسەر ئەمانەی خوارەوە ڕێککەوتن:
مادەی یەکەم: تەوەری ئابووری: گەشەپێدانی هاوکاریی سنووریی و
پەرەپێدانی بنیاتنەرانەی ژێرخانەکان
١ - ١ ئاسانکاریی بازرگانی و گومرگی:
* هاوکاریی هاوبەش لە بواری کردنەوەی بازاڕچەی
سنووری مڵەخوردی قەزای سەوڵاوای پارێزگای کوردستانی ئێران لەگەڵ قەزای خورماڵی
هەڵەبجەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
* پەرەپێدانی هەموو بوارەکانی کوولتووری،
کۆمەڵایەتی، ئابووری، خوێندنی باڵا، گەشتیاری تەندروستی، گەشتیاری و هەموو بوارەکانی
تری هاوکاریی.
* پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی داوەریی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی یاسایی و ناکۆکیی لە
ڕێککەوتنەکانی نێوان بازرگانان و چالاکانی ئابووری دوولایەن.
*هاوکاریی لایەنی پێوەندیداری گومرگی و هێزی
سنوورەڤانی بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاسانکاریی بازرگانیی یاسایی و
نەهێشتنی کێشەکان لە ئیقامەی هاوڵاتیان.
* دابینکردنی هەلومەرج بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵای هەناردەکراو و
ئەوانەی کە ئەولەویەتی ماوەبەسەرچوونیان هەیە و خێرا خراپ دەبن و بەرهەمی کشتوکاڵی
لە ڕێگای سیستەمی گواستنەوەی دوولایەن یان لە ڕێگەی کۆمپانیای هاوبەشی نێودەوڵەتی
گواستنەوە.
* خۆبەدوورگرتن لە بڕیاری لەناکاو و بێ پلانی سنووردارکردن لە
گواستنەوەی کاڵا و ئاگادارکردنەوەی دەسبەجێی لە ڕێگای سکرتاریەتی هاوبەشەوە.
١ - ٢ سەرمایەگوزاریی هاوبەش:
* هاندان و ڕاکێشانی سەرمایەدارانی بەتوانا و شایستە بۆ وەبەرهێنانی
هاوبەش.
* ئەنجامدانی کۆنفرانسی هەلی سەرمایەگوزاریی هاوبەش.
*هەوڵدان بۆ دانانی سندوقێکی دارایی هاوبەش بە هێڵی قەرز لە ڕێگای
بانکەکانی دوولایەن.
* هەماهەنگی بە مەبەستی بەستنی ڕێککەوتن لە نێوان کۆمپانیای بیمەی
دوولایەن لەپێناو نەهێشتنی کێشەکانی لە بواری بیمە و دەرکردنی دەستەبەریی،
بەمەبەستی خێراکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
١ - ٣ ژێرخانەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری:
* ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی خزمەتگوزاری تەکنیکی و
ئەندازیاری و هاوکاری لە پڕۆژەکانی بیناسازی، پەرەپێدانی ژێرخانی و پەرەپێدانی
ڕێڕەوی گواستنەوە.
* کردنەوەی نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی سیستەمی ئەندازیاری کانگا،
بیناسازی و کشتوکاڵ و سامانە سروشتیەکان.
* پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری لە بوارەکانی گەڕان،
دەرهێنان، پرۆسێسکردنی کانزاکان و توێژینەوەی ئاوی ژێر زەوی.
١ - ٤ ئابووری تەندروستی
* پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی پسپۆڕی (تخصصی) و پسپۆڕیی
ورد (فوق تخصصی) بە نەخۆشەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەنتەرە پزیشکییەکانی
پارێزگای کوردستان (نەشتەرگەریی پسپۆڕیی ورد، ژنان و منداڵبوون، شێرپەنجە،
جوانکاری و پزیشکی ددان و …)
* برەودان و بەهێزکردنی گەشتیاریی تەندروستی، گەشەپێدانی ئێکۆتوریسمی
تەندروستی و ڕێکخستنی بازاڕی نافەرمیی گەشتیاریی تەندروستی لەپێناو پاراستنی مافی
ئەوانەی خزمەتی پزیشکی وەردەگرن
مادەی ٢: تەوەری کولتووری - کۆمەڵایەتی - ژینگەیی: بەهێزکردنی شوناسی
هاوبەش و هاوکارییە کولتوورییەکان
٢-١ میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری:
* بەدواداچوون بۆ خستنەڕووی ناوچەی هەورامان لە
هەرێمی کوردستانی عێراق لە فایلی میراتی جیهانی هەورامان بەمەبەستی
پشتڕاستکردنەوەی وردی ناوچەی ڕەسەنی هەورامان و تەواوکردنی فایلەکە. پارێزگاری
کوردستانی ئێران هەموو هاوکارییەک لەوبوارەدا دەکات.
* ئەنجامدانی بۆنە هاوبەشەکان لەوانە فێستیڤاڵ، گەشتی ئاشنابوون بە
گەشتیاری، کۆنفرانس و پێشانگای تایبەتمەند لە بواری گەشتیاری و کاری دەستی.
* لەبارکردنی بەستێن بۆ بەرفراوان کردنی هاوکاریی کۆمپانیای گەشتیاری
بە مەبەستی پەرەپێدانی گەشتیاری و جێبەجێکردنی گەشتە هاوبەشەکان.
* پلاندانان بۆ گەشتی هۆشیاری و بەبازاڕکردن بۆ کۆمپانیا و
چالاکوانانی بواری گەشتیاری تەندروستی بۆ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانەی مۆڵەتیان
هەیە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نێودەوڵەتی (IPD)
هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان (ئیکۆتۆریسم) لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەشتیاری
تەندروستی.
* ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران لە ڕێگەی پێدانی
ڤیزەی سنووری و مۆڵەتی ئاسانکراو.
* بوژانەوەی ڕێگای زیارەتی و مێژووییە هاوبەشەکان بۆ سەردانی شوێنە
ئاینی و مێژووییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری
٢-٢ ڕۆشنبیری و هونەر:
* دانانی بناغەی بەڕێوەچوونی دوو ساڵانەی هەفتەی هونەری کوردی (فیلم،
شانۆ، فێستیڤاڵەکانی مۆسیقا و هتد)
* هەوڵدان بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی خەڵاتی ئەدەبی - هونەری و
کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی کتێب و بەرهەمی هونەری.
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی و داتابەیسێکی هاوبەش لە
ئەدەبیات و مۆسیقا و ئاوازی کوردی لۆکاڵی بە هاوکاری زانکۆ و دامەزراوە
ئەدەبییەکان و دامەزراوەکان و هونەرمەندانی هەردوولا.
٢-٣ بوارەکانی کار و خوشگوزەرانی
کۆمەڵایەتی:
*هەوڵدان بۆ بەستنی ڕێککەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی
هێزی کار و پاراستنی یاسایی بۆ هێزی کاری لایەنەکان.
* دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژکاری پیشەیی و گەڕان بەدوای کاردا بە
مەبەستی ئاسانکاری لە مەرجەکانی ناردنی هێزی کار لە هەردوو لایەنەوە.
*هاوکاری لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەکانی
فێرکردن و خۆجێیکردنیان لە چوار بەشی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، و ڕۆشنبیری
و هونەر، و دامەزراندنی ناوەندی تەکنیکی و پیشەیی هاوبەش.
٢-٤ ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان
* پەرەپێدانی هاوکاریی بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری پاراستنی دارستان و
سەرچاوە ژینگەییەکان و سوودەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشە ژینگەییەکان.
* ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ژینگەیی و ڕاهێنان بۆ پێشخستنی چارەسەرکردنی
ئاستەنگە ژینگەییەکانی هەردوو لایەن.
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی هاوبەش و یەدەگی
بایۆلۆجی هاوبەش بە مەبەستی پاراستنی ئیکۆسیستەم و جۆراوجۆری بایۆلۆجی ناوچەکە.
مادەی سێیەم: خوێندنی باڵا و داهێنان و تەکنەلۆژیا
* بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە نێوان
زانکۆکانی هەردوولا بەتایبەتی لە بوارە زانستییە نوێیەکانی وەک زیرەکی دەستکرد.
* فراوانکردنی هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی مامۆستا و خوێندکار لە
نێوان زانکۆکانی دوو لایەن.
* بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و بۆنەی هاوبەشی زانستی و ڕۆشنبیری لە نێوان
زانکۆکانی هەردوولا.
* هەوڵدان بۆ کردنەوەی پلاتفۆرمی پەروەردەی ئۆنلاین (زانکۆی مەجازی)
بە پێشکەشکردنی خولی هاوبەش.
* کردنەوەی کورسییەکانی توێژینەوەی هاوبەشی یونسکۆ.
* پێناسەکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە بواری
تەحەددای هاوبەش وەک قەیرانی ئاو و وشکەساڵی، خۆڵ و ئاسایشی خۆراک و هتد، هەروەها
پێدانی هەلی خوێندنی ٦ مانگ بە توێژەران لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی
لایەنەکان.
* دروستکردنی کۆڕپوسێکی گەورەی زمانی کوردی بە هاوکاری زانکۆکانی
هەردوولا.
* هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و
سەرچاوەی خولەکان و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ ڕاهێنەرانی کارامەیی پێویست بۆ
هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەندەکانی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (فنی و حرفهای)
ئێران.
* هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئابووری دیجیتاڵی و ناساندنی توانا و
بازرگانی لایەنەکان لە بواری ICT.
* یارمەتیدان لە وەبەرهێنان لە یەکەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکانی
بنەمای زانیاری (دانشبنیان) و کردنەوەی ئۆفیسی ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیا/بازاڕی
تەکنەلۆژیا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی
بنەمای زانیاری.
* فراوانکردنی هاوکاری لە دامەزراندنی پارکی زانستی و تەکنەلۆجیا لە
هەرێمی کوردستان.
مادەی چوارەم: بەدواداچوون و جێبەجێکردن
* ڕێککەوتن کراوە کە سکرتاریەتێکی هەمیشەیی بۆ هەماهەنگی جێبەجێکردنی
بڕگەکانی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی دیکە، بە
ئامادەبوونی نوێنەری هەردوولا، دامەزرێت و ڕاپۆرتێکی شەش مانگە ئامادە بکرێت
سەبارەت بەوەی تا چەند ئامانجەکانی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە بەدیهاتووە و
ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی لابراون.
ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لە ٤ مادە و بڕگەکانی خوارەوەیان
بە ٢ کۆپی بە زمانی فارسی و ٢ کۆپی بە زمانی کوردی، بە یەکسانی ڕەوایەتی یاسایی
داڕێژراوە و لە ٣١ی گوڵان (ئۆردیبەهەشت)ی ١٤٠٤ / ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥ واژۆ کراوە.
لایەنەکان بە هاوبەشی جەختیان لە جێبەجێکردنی کردووەتەوە لە بەرواری واژۆکردنیەوە.
پارێزگاری کوردستان، کۆماری
ئیسلامی ئێران ئارەش زرەتەن لهۆنی |
پارێزگاری هەڵەبجە هەرێمی کوردستان نوخشه ناسح ئەحمەد |