زایەڵە-بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، بەهۆی ئەو كەمبارانییەی ئەمساڵ تۆماركراوە كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە%75 كەمتر باران باریوە، بۆیە بەرهەمی گەممیش بۆ لە%50 كەمیكردووە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی دهۆك ڕایگەیاند: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ لە %75 كەمتر باران باریوە، ئەمەش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر گەشەی گەنم هەبووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كەمبارانی كاریگەرییەكە لە ناوچەیەكی دهۆك بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازە، بەڵام لە قەزای سێمێل كاریگەرییەكە زیاتر دەركەوتووە، بۆیە بڕیارمان داوە كاتژمێری زیاتر كارەبا بەو جووتیارانە بدەین بۆ ئاودانی بەرهەمەكانیان، چونكە ئەوان پشت بە سەرچاوەی ئاویی خۆیان دەبەستن.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی دهۆك ئەوەشی وتووە، بەرهەمی گەنمی ساڵی ڕابردووی پارێزگای دهۆك نزیكەی 400 هەزار تۆن بوو، بەڵام بەهۆی كەمبارانییەوە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمەكە ئەمساڵ لە %50 كەم بكات.
لە پارێزگای دهۆك گەنم لەسەر ڕووبەڕی 945 هەزار دۆنم زەوی چێنراوە، بەڵام تەنها 345 هەزار دۆنم ئاو دراوە؛ بەم پێیەش، نزیكەی 100 ملیار دینار زیان بە جووتیارانی پارێزگاكە دەگات.
ک