زایەڵە - واژۆکردنی دوو گرێبەست بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی تۆپخانە دوای ڕیفراندۆم و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دادگای ژووری بازرگانی پاریس پێشهاتێکی نوێیە.
حکومەتی هەرێم لە دوای ساڵی ۲۰۱۰ گرێبەستی بۆ کێڵگەی تۆپخانە کردبوو سەرەتا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تالیسمان ئینێرجی کرا دواتر پشکەکانی فرۆشت بە کۆمپانیای ڕیپسۆڵی ئیسپانی و پاشان کۆمپانیا ئیسپانیەکە پشکەکانی فرۆشتەوە بە کۆمپانیای داینا سیت و حکومەتی هەرێمیش گرێبەستی لەگەڵ دایناسیت هەڵوەشاندەوە.
کێڵگەی تۆپخانە ڕووبەرەکەی ۹٤٥ کیلۆمەتر دووجا بوو، بەڵام بەشێک لەڕووبەرەکەی خراوەتە سەر کێڵگەی ۱۹ لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکانی داناگاز و نەفت هیلال. ئێستا ڕووبەرەکەی نزیکەی ۳۰۰ کیلۆمەتر دووجایە و دەکەوێتە نێوان ناحیەی سەنگاو و قادرکەرەمی قەزای چەمچەماڵ و کێڵگەکە لەباشورەوە دەگاتە ڕووباری ئاوەسپی و لە باکورەوە دەگاتە ڕووباری باسەڕەو دیوی خۆرئاوای چیای ئاژداغ دەگرێتەوەو کێڵگەکە بەناوی گوندی تۆپخانەوە ناونراوە.
بەپێی زانیارییەکان، پێشتر چەند بیرێک لەلایەن کۆمپانیای تالیسمان لە نێوان گوندەکانی فەقێ مستەفا و تۆپخانە و مەلائۆمەر لێدراوە. بیرێکی تر لە چیای ئاژداخ لەنزیک گوندی دەرزیلە لێدراوە و بیرێکیش لەگوندی کەڵانی نزیک سەنگاو لێدراوە.
پلانی کۆمپانیاکە وایە پەرەپێدانی کێڵگەی تۆپخانە بگەیەنێتە ئاستێکی بەرز و بۆڕیەکی غاز لەکێڵگەکەوە بگەیەنێتە چەمچەماڵ. بە چەند قۆناغێک بگاتە ئاستی ٥۰۰ تا ۷٥۰ ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە و لە پاڵیدا نەوت و نەفتا و LPG بەرهەم بهێنێت و لەسەرەتادا ژێرخانی بۆڕی بنیات دەنێت تا بتوانێت غازی بەرهەم هێنراو بگەیەنێتە وێستگەکانی کارەبا.
لە پشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە کێڵگەکە پێنج تریلیۆن پێ سێجا غاز و ۹۰۰ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. توانای هەیە بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بگەیەنرێتە ۲۰۰ هەزار بەرمیل.
کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس لەهەرێمی کوردستان کێڵگەی کوردەمیر و سەرقەڵا لەگەرمیان بەڕێوە دەبات. کێڵگەی کوردەمیر هاوسنوری کێڵگەی تۆپخانەیە و بەهاوبەشی کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا لە قەزای کفری بەڕێوە دەبەن.
لە مانگی پێنجی ۲۰۱۷ گروپی کریست ئینتەرناشناڵی ئەمریکی کۆمپانیای وێسترن زاگروسی کڕیەوە بە ئامانجی وەبەرهێنانی گەورە لە کێڵگەی کوردەمیر بەڵام ڕووداوەکانی هەرێم و کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ڕێگر بوون لە پلانەکان و ئێستا بە ئەنجامدانی گرێبەست بۆ کێڵگەی تۆپخانە کارەکانی دەست پێدەکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی بەهای بەرهەمە غازی و نەوتیەکان لە ماوەی گرێبەستەکە زیاتر بێت لە ۷۰ ملیار دۆلار.
ک