زایەڵە - زیاتر لە 23 ملیۆن کەس زانیارییەکانی کارتی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراکیان نوێکردووەتەوە. لە پارێزگای هەڵەبجە پرۆسەکە دەستیپێکردووە، ئەم هەفتەیەش سیستمەکە لە سێ پارێزگاکەی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کارا دەکرێت.

حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: زیاتر لە 23 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سنوری 13 پارێزگای عێراق زانیارییەکانیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک نوێ کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم هاوڵاتیان بە ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن.

هەفتەی رابردوو، سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک لە پارێزگای هەڵەبجە کاراکرا، بڕیارە ئەم هەفتەیەش سیستمەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کارابکرێت.

بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تا سەرەتای مانگی تەمموز سیستمەکە لە سەرتاسەری عێراق کارا دەبێت و پێویستە سەرجەم خێزانەکان لەو سیستمە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە. 

زۆرترین هاوڵاتیی کە سودمەندی کۆبۆنی خۆراکن لە سنوری پارێزگای بەغدایە کە ژمارەیەکەیان نۆ ملیۆن و 775 هەزار کەسە و تائێستا زیاتر لە حەوت ملیۆن و 250 هەزار کەس زانیارییەکانیان تۆمارکردووە.

بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند: لە سنوری شەش پارێزگای عێراق ناوی 600 هەزار هاوڵاتیی لە سیستمی کۆبۆنی خۆراک سڕدراوەتەوە، بەهۆی مردن و چوونە دەرەوەی وڵات و دووبارە بوونەوە و ناوی وەهمییەوە.

بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق کە ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچوو، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە زیاتر لە 46 ملیۆن و 118 هەزار هاوڵاتی، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە 13 پارێزگا 23 ملیۆن کەس داتاکانی خۆیان نوێ کردووەتەوە و هەفتەی رابردوو سیستمەکە لە پارێزگای هەڵەبجە کارابووە و هاوڵاتیان دەستیان بە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان کردووە و بڕیارە ئەم هەفتەیەش لە سێ پارێزگاکەی دیکە (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) کارابێت و سەرجەم هاوڵاتیان زانیارییەکانیان تۆمار و نوێ بکەنەوە.

ک