زایەڵە - وا بڕیاڕە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە رۆژانی ١٠ تا ١٣ی مانگی داهاتوو، پێنجەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام ئەوەی لەئێستاوە روونە، عەلی باپیر جارێكی دیكە وەك سەرۆكی حیزب دادەنرێتەوە.
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دوای جیابوونەوەی لەبزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی كوردستان، رۆژی ٣١ی ئایاری ٢٠٠١ بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر دامەزرێنرا، بەڵام لە كۆنگرەی چوارەمیدا بڕیاریدا ناوی حیزب لە كۆمەڵی ئیسلامییەوە بۆ كۆمەڵی دادگەریی بگۆڕێت.
كۆنگرەی ئەمجارەی كۆمەڵ لە دۆخێكی جیاوازتردایە، بەو پێیەی لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدایە كە بڕیارە مانگی ١١ی ئەمساڵ سازبكرێت، هەروەها لە هەڵبژاردنی ٢٠ی١٠ی٢٠٢٤ی پەرلەمانی كوردستانیش سێ كورسی بەدەستهێنا و بڕیاریدا بایكۆتی پەرلەمان بكات، بەڵام تەنها هێرۆ عەتار، پەرلەمانتاری ئەو حیزبە پابەندی بڕیاری كۆمەڵ نەبوو، دواتریش لەو حیزبە دەركرا.
بەپێی زانیارییەكان ، ئەو گۆڕانكارییانەی كە ئەمجارە كراون، لەسەرەتاوە چۆنیەتی هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەكانن، پێشتر ئەو بەرپرسانە لە كۆنفرانسی ناوخۆیی مەڵبەند هەڵدەبژێردران و راستەوخۆش دەبوونە ئەندامی سەركردایەتی، بەڵام ئەمجارە دەبێت لە كۆنگرە ببنە سەركردایەتی.
گۆڕانكاریكردن لەناوی حیزب لە ئیسلامییەوە بۆ دادگەریی لە كۆنگرەی چوارەم، یەكێك بوو لە گۆڕانكارییە گرنگەكانی ئەو حیزبە كە هەندێك پێیانوایە ئەو گۆڕانكارییە، بووەهۆی داكشانی ئاستی كۆمەڵ لەماوەی رابردوودا بەتایبەتیش كە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كورسییەكانی دابەزاند، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، بابەتی گۆڕینی پاشگری ئیسلامی بۆ دادگەریی و تەنانەت ناوی حیزبیش لە نێو كۆنگرەدا ئەگەرێكی كراوە دەبێت.
هەڵبژاردنەوەی عەلی باپیر، وەك سەرۆك و كەسی یەكەمی حیزب یەكێكە لە بابەتە گرنگەكانی كۆنگرەی كۆمەڵ، بەڵام ئەوەی لەئێستاوە روونە و یەكلایی بۆتەوە هەڵبژاردنەوەی عەلی باپیرە وەك سەرۆكی حیزب، چونكە وەك سەرچاوەكەی بوار دەڵێت "هەرچەندە مامۆستا عەلی باپیر خۆیشی ئاماژەی بەوەكردووە كە نایەوێت جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام راستییەكی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە لەم كاتەدا كۆمەڵ بە هەموو شێوەیەك پێویستی بە مامۆستایە، نەك مامۆستا پێویستی بەو پۆستە بێت، واتە كۆمەڵ شەڕی مانەوەی مامۆستا دەكات، چونكە سەركردەیەكی كاریزمایە".
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پێشتر راپرسییەكیان لەنێوخۆی حیزبدا كردووە بۆ پرسە گرنگەكانیان، یەكێك لە تەوەرەكانیش هەڵوەشانەوە یان بەردەوامیدان بووە بە بایكۆتكردنی بەشداری لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەو سەرچاوەیە وتی "ئەو بابەتە لەنێو راپرسیدا باسكراوە و لەنێو كۆنگرەشدا بەدڵنیاییەوە باس دەكرێتەوە، بەڵام رای زۆرینەی حیزب هەر ئەوە دەبێت كە بایكۆتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".
بەوتەی سەرچاوەیەک، لە كۆنگرەی داهاتوودا ژمارەی سەركردایەتی لە 35 ئەندامەوە دەبێتە 30 ئەندام، جگە لەوەش گۆڕانكاری لە مەكتەبەكان دەكرێن، رەنگە مەكتەبەكانی رێكخستن و كۆمەڵایەتی زیاد بكرێن، یان هەندێكیان تێكەڵاو بكرێن.
ک