زایەڵە-ئەنجومەنی وەزیرانی هەریم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا باس لە پابەند بوونی هەرێم دەكات بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، هاوكات بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیری بۆ كو ڕو كچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەدات و جەختش دەكەنەوە كە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ببڕردرێت.


دەقی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سەرەتا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەكانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێككەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاكرا بۆ دابینكردنی تەواوی مووچەی مانگەكانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی كە ڕێگە نادات ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە، هۆكار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەكسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەكان جێگیركردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی كردۆتەوە لەسەر مامەڵەكردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەك هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەك، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش كە چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حكومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەكۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.

هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی كوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای كرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بكات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەكانی خۆیان وكار بە دوا ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بكرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەكی فەرمی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بكرێت كە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەكان ڕوونبكرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر كردنی گرفتی مووچەی هەرێم بكرێت لە چوارچێوەی دەستوور.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كە پێشنیاریان كردووە لێخۆشبوون بۆ كوڕو كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بكرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی كە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێك لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەكە دا.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی كارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و كرێی رۆژانە.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواكاری ئەو كارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێكی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەكان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئامادەكاری باشتری بۆ بكرێت لە ڕووی یەكخستنی ژمارە و ئامارەكان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەكان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەكە، تا لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەكلاییكەرەوەی لەسەر بدرێت.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەكاتەوە.

ک