زایەڵە ـــ وشەی کورد کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە نەک تەنیا لە زمانەوانیدا بەڵکو لە مێژوو و کەلتووری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی ناوچەکەدا.
بە پشتبەستن بە کتێبی بەنرخی "کورد و کوردستان لە هەزارەکانی پێش مێژوودا" بە قەڵەم و توێژینەوەی "غوڵام عەلی ئیدریسیان" و هەروەها لەسەر بنەمای ئەو نووسینانەی کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە و خوێندراونەتەوە، "سۆمەرییەکان" و "واکەدیەکان" لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین کوردیان بە "گوتی" و کوردستانیان بە "گوتیۆم" ناو بردووە.
ئەگەرچی لە نێوان مێژوونووسان و توێژەرانی ئەم بوارەدا سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی وشەی کورد بیروڕای جیاواز هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای تیۆری توێژەران، لە سەردەمانی کۆندا نازناوەکانی "گوتی" و "کوتی" و "کورتی" و "کورد" بۆ گەلی کورد بەکارهاتووە سەرەڕای ئەوەش، لە دوو نووسینی کۆکراوەی "سۆمەرییەکان"دا ئاماژە بە وڵاتێک کراوە بە ناوی "کارداکا" کە دەکەوێتە بەشی باکووری کوردستانی ئێستا.
لە هەزارەی دووەمی پێش زایین ئاشوورییەکان، دانیشتووانی باکووری کوردستانیان بە "کورتی" Kurtie" ناو بردووە. لە نووسراوەیەکدا "تیکلات پیلسەر" پاشای ئاشور، ئاماژەی بە خەڵکی "کورتی" کردووە کە لە چیاکانی "ئازۆ" لە ڕۆژئاوای دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان ژیاون. بابلییەکانیش نێوی کوردیان بە "کاردا" و یۆنانییەکانیش بە "کاردۆ" داناوە و کوردستانیان بە "کارد خوی" ناو بردووە. لە کۆتاییدا، فارسەکانیش کوردەکانیان بە "کارداک" یان "گورد" ناو بردووە.
"عەلائەدین سەجادی" لە کتێبی "مێژووی ئەدەبی کوردی"دا دەنووسێت کە وشەی کورد لە بنەڕەتدا لە وشەی "گوت" وەرگیراوە و "گوتەکان" یەکێک بوون لەو هۆزانەی کە پێش لە مادەکان لە ناوچەی زاگرۆسدا ژیاون. کاتێک "توکولتی نیراری" پاشای ئاشور، هاتە سەر دەسەڵات، نێوی "گوت-گوتی" گۆڕا بۆ "کورت-کورتی".
عەلائەدین سەجادی لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا ئاماژە دەکات پێش هاتنی ئیسلام کورد بە "کورت" ناودەبرا، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەردەشیری بابان و کاتێک باسی شەڕەکانی نێوان ئەردەشیر و کوردەکان دەکەن. لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمی پێش زایین وشەی کورد بە زمانی پەهلەوی بە "کورت" نووسراوە بەهۆی نزیکی دەربڕین لە نێوان پیتەکانی "ت" و "د"دا. هەر وەک ئێستاکە ئەم جۆرە نووسینە هێشتا لە زمانی کوردیدا باوە تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک جار "د" دەگۆڕدرێت بۆ "ت" وەک "دێم"، "تێم".
کورد خۆی بەچی ناو دەبات؟
تاکە وشەیەک کەوا کورد بۆ خۆی هەڵیبژاردووە وشەی "کرمانجی" یان "کوردمانجی" واتە پیاوی کورد بووە. نووسەری گەورەی کورد "ئەحمەد خانی" لە شاهکاری "مەم و زین"دا وشەی "کوردمانجی" بۆ کورد بەکارهێناوە. بەهەمان شێوە "شەرەفدین بەدلیسی" لە کتێبی "شەرەفنامە"دا وشەی "کرمانجی" بۆ کورد بەکارهێناوە.
وشەی "کوردستان" لە کوێوە هاتووە؟ یەکەم مێژوونووس و نووسەر کە زاراوەی "کوردستانی" لە کارەکانیدا بەکارهێناوە "حەمدوڵڵا مستەوفی قەزوینی" بووە کە لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە "مستەوفی" لە کتێبە بەناوبانگەکەی "نوزهەت ئەلقولوب" کە لە ساڵی 740 کۆچی نووسیویەتی ئاماژە بە 16 پارێزگا و شارۆچکە دەکات کە بەشێک بوون لە کوردستانی تازە دامەزراو لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا. سەرەڕای ئەوەش گەشتیاری ئیتاڵی "مارکۆپۆلۆ" لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1271 باس لە ناوچەیەک بەنێوی کوردستان دەکات.
مانا و چەمکی وشەی "کورد"
هێشتاکوو توێژەران و مێژووناسان لەسەر مانا و چەمکی وشەی "کورد" نەگەیشتوونەتە کۆدەنگیەک و چەندین تیۆری جیاواز لەو بارەیەوە هەن. هەندێک پێیان وایە "کورد" بە مانای "کۆچبەر" دێت هەندێکی تر دەڵێن مانای "دانا" و "ئازا" و "جەنگاوەر" دەگەیەنێت.
پێش درووست بوونی وشەی کورد و "کوردستان، کوردەکانیان بە "جودی و گودی،کوردو، کاردوخی" نێو دەبرد و "کوردستان"یان بە "سوپارتو" و "گوتیم" نێو بردووە.
وشەی "کورد" لە مێژووی زمانەوانی و فەرهەنگناسیدا وەک هێمای ڕەسەنایەتی لە درێژەی چەندین سەدەدا ماوەتەوە. ئەو وشەیە نەک تەنها لە پەیوەندی بە گروپی نەژادی "کورد" دەناسرێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە ناسنامەی کەلتووری و نەژادی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەناسرێتەوە. ڕەگ و ڕیشە قووڵەکانی ئەم وشەیە لە مێژوودا ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە بەهێزەکانی کەلتووری و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی گەلی کوردە لەگەڵ شارستانیە دێرینەکانی ناوچەکەدا.
ئامادە کردن؛ کەژاڵ حەمیدی