زایەڵە - وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، كارەكانی لیژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتاییدایە و تاوەكو ئێستا 420 هەزار فۆڕم رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، تاوەكو 20ی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكان بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێك بۆ پێدانی زەوی وەرناگیرێت. 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كرد و تێیدا ئاگاداریان دەكاتەوە كە 20ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕم و تەواوكردنی كەموكوڕییەكان و هێنانی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە، هیچ فۆڕمێكی دیكە وەرناگیرێت.

جێی ئاماژە بۆ كردنە، ماوەی نزیكەی هەشت مانگ زیاترە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە وەزارەت و دامودەزگەكان كردووە كە فۆڕم و بەڵگەنامەی فەرمانبەرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ لیژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بنێرن، بەڵام تاوەكو ئێستا لە ناردنی فۆڕمەكان كەموكوڕی هەیە، بۆیە تا 20ی ئەم مانگە وەكو دوا وادەیە بۆ ناردنی بەڵگەنامە و فۆڕمەكان دیاریكراوە و دواتر فۆڕم وەرناگیرێت و پڕۆسەی وردبینیكردن كۆتایی دێت.

ک