زایەڵە - د. شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ دەتوانین بڵێین کە هەژموونی هزری ئیمام کاریگەری لەسەر شۆڕشی کورد بەتایبەتی لە عێراقدا جێهێشتووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
د. شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەدژی ئەو ستەم و نادادی و زۆردارییەی شا و دادرودەستەکەی بەرامبەر بە گەلانی ئێران ئەنجامیان دەدا، بابەتێکی حەتمی بوو، لە ماوەی چەند سەد ساڵی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران، فۆرم و فەرماندارانی حوکمڕانیکردن هێندە گەندەڵ و خۆسەپێن و داپڵۆسێنەرنەبووبوو، سەرچاوەی سەرەکی و ژیلەمۆی ئەو شۆڕشە هەستکردنی گەلانی ئێران بوو بەوەی کە چیتر ناکرێت ئەو دۆخە جێگای قبوڵکردن بێت، ئاستی نادادی گەیشبووە خاڵێک کە تیایدا قبوڵی هیچ نڵڕەزایەتییەک نەدەکرا، هەموو ئەوانەی دژی ئەو سیستەمەبوون یان لە کونجی زیندانییەکان توندکرابوون چاوەڕوانی داهاتوویەکی نادیاریان دەکرد، یان ئاوارەی دەرەوەی ئێران بوون، کە زێدی خۆیان وخانەوادەکانیان بوو، یەکێک لەو کەسایەتییە دیار و کاریگەرە ئیمام خومەینی بوو (قدس اللە سرە).
وتیشی، جێگای خۆیەتی کە ئەزموونی ڕابەرایەتیکردنی ئیمام، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چونکە زۆر لێهاتووانە و لەناو کەشێکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیدا توانیویەتی گڕ لە جەستەی خۆبەدەستەوەدان وەربدات و بەوپەڕی بڕوا بە دۆزە ڕەواکەیەوە کە دۆز و ویستی گەلانی ئێران بووە، پاڵ بە شۆڕشەوە بنێت بەرەو لوتکەی سەرکەوتن، دیارە لەبەر ئەوەی کە ئیمام توانیویەتی کاریگەری قووڵی هەبێت لە ڕێگای گەیاندنی پەیامەکانی بۆ ناوخۆی ئێران، ئەوەیش لە ڕێگای تۆمارکردنی پەیامەکانی بەدەنگی ئیمام لەسەر کاسێت و دواتر بڵاوکردنەوەی لە تەواوی ئێراندا، ئەم شێوازی داهێنانە هەرچەندە دەگەڕایەوە بۆ شێوازی کاری سیاسی ئیخوانەکان لە میسر و تەواوی تۆڕی ئەو ڕێکخراوە لە جیهانی ئیسلامیدا، بەڵام لە شۆڕشی ئیسلامیدا توانرا سەرکەوتووانە بەکاربهێنرێت، ئەمەش یەکێکە لە کاریگەرییەکانی ئیمام لەسەر ڕەوت و ئاڕاستەی شۆڕش، دواتر بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا لەوپەڕی هێزدابوون، چونکە جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە هەردوو سەربازگەی ناتۆ و وارشۆ ڕابەرایەتییان دەکرد، سەرقاڵی کۆتایی جەنگەکەبوون.
باسی لەوەشکرد، بەرزکردنەوەی دروشمی (نە شەرقی و نە غەربی) لەو کاتەدا یەکێکبوو لەو داهێنانەی ئیمام کە ئاڕاستەی سێیەمی دروست دەکرد لە جیهاندا، بەتایبەتی دوای شکستی تێزی وڵاتانی بێلایەن (دول عدم الانحیاز) چونکە هەر لە بنەڕەتدا و لە سیاسەتدا ناکرێت بێ هەڵوێست بیت. بێگومان ئەم هەنگاوە سەرکەوتنێکی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەکاتێکدا کە بزووتنەوەکانی دیکەی جگە لە بزووتنەوەی ئیمام لە ئێران نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، یەکێک لەو هۆکارانەش ئەوە بوو کە لە هزری ئیمامدا پابەندبوون بە پرنسیپی ئیسلامی ژیلەمۆی شۆڕشەکەبوو، نە وەکو پابەندبوون بە پرنسیپی ئیسلامی نەتەوەیی، ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییەکانی هزری ئیمام لەگەڵ ئەوای دیکە، بۆیە کاریگەرییەکانی تەواوی گەلانی ئێرانی گرتبوویەوە بە هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانەوە، بەڵکو ئەم تێڕوانینە، سنووری جوگرافی ئێرانیشی تێپەڕاندبوو. هەر لەو ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین کە هەژموونی هزری ئیمام کاریگەری لەسەر شۆڕشی کورد بەتایبەتی لە عێراقدا جێهێشتووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ک