زایەڵە - وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، ئەو بەربژێر و لایەنانەی هەوڵی كڕینی دەنگ دەدەن وئەو كارەیان بەسەردا ساخ بێتەوە، لە پرۆسەكە دووردەخرێتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند: ئەگەر سكاڵایەكمان پێبگات سەبارەت بە هەوڵی كڕینی دەنگی هاووڵاتییان، لە رێگەی دادگەوە سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو كەسە دەجووڵێنین بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی رێكارەكانی كۆمیسیۆن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر لە رێگەی سكاڵای هاووڵاتییان یان تیمەكانی چاودێریی كۆمیسیۆنەوە و بە بەڵگەی پێویست بسەلمێنرێت كە بەربژێرێك دەنگی كڕیوە، ئەوا بەپێی یاسای هەڵبژاردن رێكاری تووندی لە دژی دەگیرێتەبەر، كە دەگاتە ئاستی دوورخستنەوەی یەكجارەكی لە بەربژێربوون.

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، بەهۆی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەترییەوە، هیچ كەسێك ناتوانێت لەبری كەسێكی دیكە دەنگ بدات، چونكە لە رۆژی دەنگداندا پەنجەمۆر و وێنەی دەنگدەرەكە لەگەڵ زانیارییە تۆماركراوەكان بەراورد دەكرێن.

ک