زایەڵە ــــ فۆلکلۆر، ڕەنگدانەوەی کولتوور و فەرهەنگ و زمانی کۆمەڵگە و سامان و کەلەپووری نەتەوە
وشەی فۆلکلۆر بۆ یەکەمین جار لە لایەن «ویلیام تامز»ی ئینگلیزی، کارناسی کەل و پەلی کۆن لە ساڵی ١٨٤٦ زایینی بە کار هاتووە. ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ خەڵکی ئاتێن دەنووسێت بۆ لەمەو بەدوا بە جێگەی بەکارهێنانی وشەی داب و نەریتی ڕەشۆکی یان «ئەدەبیاتی ڕەشۆکی»، وشەی فۆلکلۆر بەکار بهێنن. دەتوانین بڵێین فۆلکلۆر لای ویلیام تامز بەگشتی کردەوە، ئەرک، داب و نەریت، جۆک، خۆرافات، پەندی پێشینیان، قسەی نەستەق، سێحر و جادوو و ئەدەبی زارەکی و هەموو شتێکی کۆن لە خۆ دەگرێت.
"فۆلکلۆر" وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو وشەی "folk" و "lore"ی ئینگلیزی گیراوە،کە یەکەمیان بە مانای «خەڵک» یان «گەل»، و دووهەمیان مانای «چیرۆک، ژیری،هونەر و زانست » دەگرێتەوە، واتا سامان یان کەلەپووری خەڵک. بەم پێیە بە هەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن فۆلکلۆر کە بەدرێژایی مێژوو، بەرهەم و دەستکردی خەڵک بوون و ماونەتەوە.
هەر نەتەوەیێک وێڕای میراتی نووسراوە و بە پەرتووک کراوی خۆی، میراتێکی بەبایەخ و بەنرخ و کەونارایشی هەیە کە داگری بیروڕا، ڕوانگە، ئایدۆلۆژیا و ئەزموونی شۆناسی نەتەوەیی ئەو گەلەیە. ئەم میراتە بەنرخ و خەزێنە لەبن نەهاتووە بە فۆلکلۆر ناسراوە.وێژەوانان و زانایانی بواری ئەدەب و هونەری جیهانی، ئاسەوارە زارەکییەکانی هەرنەتەوەیێک بە ئەدەبی فۆلکلۆر دەناسن. ئەم بەرهەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە و دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە، دەیبیسێت و دەمێنێتەوە.بەم هۆکارە، ئەدەبی فۆلکلۆر بە بەرهەمی تا کەکەسێک دانانرێت، بەڵکوو دەدرێتە پاڵ هەموو نەتەوەیێک، بەرهەمێ کە هەموو گەل خولقاندوویەتی. بەرهەمی فۆلکلۆر شێوەیەکی سادەی هەیە و هەموو خەڵک لێی تێدەگەن.
ئەدەبیاتی گەلان بەگشتی دەکرێ بە دوو بەشەوه؛ واتا ئەدەبی نەنووسراو یان "فۆلکلۆر" و ئەدەبی نووسراو. ئەدەبی فۆلکلۆری نەتەوەکان پێکەوە لە پێوەندی دان و لێک نزیکن و ئەدەبی سەرزارەکی لەگەڵ کۆمەڵ ناسی و مرۆڤ ناسی لە پێوەندیدایە. فۆلکلۆر سەرچاوە و کانگای ئافراندنی بەرهەمە ئەدەبی و نووسراوەکانە. بە بۆچوونی «ڤلادیمیر پرۆپ » لێکۆڵەر و نووسەری خەڵکی ڕووسیا، هەموو ئاسەوارە ئەدەبییە شاز و بەناوبانگە نەتەوەییەکان، لە فۆلکلۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەو ئەدەبە نووسراوە شاکار و هونەریانە کە ئەمڕۆکە و هەنووکە لە بەردەستماندایە، ڕۆژگارێک بە شێوەی پرژوبڵاو لەسەر زاری باب و باپیرانمانەوە بوون، بێ ئەوەی بزانن دانەر و خولقێنەری ئەم ئاسەوارانە چ کەسانێک بوون.
تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی فۆلکلۆر (زارەکی)
- نەناسراوی دانەر و بێژەری ئاسەوارەکان
- گواستنەوەی زارەکی و سینەبەسینە
- پێناسەنەکردنی چاوگ و ئاخێزگە و سەرچاوەی دیاریکراوی جوگرافیایی
- شازبوونی توخمی پاتەبوونەوە
- تایەبەتمەندی کات ڕابواردن و سەرگەرمی
- زاڵبوونی زمانی ئاخاوتن و زارەکی مرۆڤ
- زەق و بەرچاوبوونی لایەنی فێرکاری.
ئەدەبی فۆلکلۆر لەناو هەر میللەتێکدا چەند بەش و جۆری هەیە، ئەم بەش و جۆرانە ڕەنگە هەندێکیان لە فۆلکلۆری هەموو میللەتاندا یان لە فۆلکلۆری چەند میللەتدا یەک بن و ڕەنگە هەندێکیشیان جیاواز بن. بەم هۆیەوە هەر نەتەوەیێک دەتوانێت چەشنەکانی بەرهەمی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات.
ئامادەکردن؛ کەژاڵ حەمیدی