زایەڵە ـــ لە گەنجینەی کەلتوور و ئەدەبی کوردیدا هەمیشە پێشەنگگەلێکی دڵسۆز و تێکۆشەر هەن کە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک ژیانی خۆیان بۆ برەودان بە کەلتوور و چاکسازی کۆمەڵگا تەرخان کردووە. "سەید ڕەحیم قورەیشی" ناسراو بە "دڵسۆز" یەکێکە لەو پێشەنگانەی کە بە مامۆستای تەواوی هونەر ناسراوە.
ئەمڕۆ ١٨ی جۆزەردان، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەری کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد "سەید رەحیم قورەیشی"، ناسراو بە دڵسۆز.
سەید ڕەحیم قورەیشی ناسراو بە دڵسۆز لە ساڵی 1930 لە ناوچەی "پشت قەڵا" لە شاری مەهاباد لە کوردستانی ئێران لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی "سەعادەت" و "ئیبن سینا" تەواو کردووە و دیپلۆمی لە شاری مەهاباد وەرگرتووە. ناوبراو بۆ ماوەیەک بەرپرسایەتی بەرنامەی ڕۆشنبیری و هونەری قوتابخانەکانی شاری مەهابادی لە ئەستۆ گرتووە.
قورەیشی لە بوارەکانی دەنگ نواندن، دۆبلاژکردن، نووسین و خۆشنووسی و شانۆ و مۆسیقادا شارەزاییەکی تەواوی هەبوو و هەوڵە ماندوونەناسەکانی بۆ ماوەی دوو دەیە لە ڕادیۆ و شانۆ و مۆسیقادا دەیخاتە ڕیزی هونەرمەندە دیارەکانی کورد لە ناوچەی موکریان لە کوردستانی ئێران.
"دڵسوز" یەکەم ئەزموونی هونەری خۆی بە شانۆی "ئامێز" دەستپێکرد و دواتر بە خولقاندنی چەند بەرهەمێکی دیکە لەوانە "دادپەروەری مرۆڤ"، "باڵندەی شین"، "ماڵی ڕۆحەکان"، "ئاوی ئاسمان"، "تەنها خۆم"، "ئێش و نۆش" و دەیان پارچە تراژیدی، درام و میلۆدرامی گەیشتە لوتکەی کاری پڕۆفشناڵی خۆی.
سەید ڕەحیم قورەیشی لە ساڵەکانی 1954دا بە شێوەیەکی پڕوفشناڵ هاتە بواری مۆسیقا و گۆرانی گوتن و بە ئاوازدان و خولقاندنی چەندین بەرهەمی نایاب و ناوازە، بووە بە یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی بواری مۆسیقای کوردی.
سەید ڕەحیم قورەیشی ناسراو بە "دڵسۆز" بە تێگەیشتن لە کۆمەڵگا و ڕەهەندە کۆمەلایەتییەکانی وەک پزیشکێکی لێهاتوو هەوڵی ساڕێژکردنی ئازارەکانی کۆمەڵگای دەدا و ئەمەش وایکرد شانۆ و نمایشەکانی پڕ بێت لە ئارەزووی ئازادی و چاکسازی کۆمەلایەتی. ناوبراو لە گۆڕەپانی هونەردا شارەزایی تەواوی لە چندین بواردا هەبوو لەوانە؛ دەنگ نواندن و گۆرانی گوتن و نووسین و هەواڵنێری و ڕۆژنامەوانی و لە سەرجەم لقەکانی فۆلکلۆری کوردیدا دەستێکی بەتوانای هەبووە لەمەڕ قولقاندنی کاری پڕوفشناڵدا.
سەید ڕەحیم قوڕەشی لە١٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، ٨ی حوزەیرانی 1991 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
ئامادەکردن؛ کەژاڵ حەمیدی