زایەڵە  - بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕایگەیاند، كۆی داهاتی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا داهاتیان ٢٧٤ ملیار دینار بووە.

عومەر وائیلی، بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕایگەیاند: دەروازە سنوورییەكان و گومرگەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانیان هۆكاری زیادبوونی بەرچاوی داهاتی گومرگی بوون، بە جۆرێك كۆی داهاتی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاترە، چونكە داهاتەكانی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو ٧٠٠ ملیار دینار بووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣شدا نزیكەی ٣٠٠ ملیار دینار بووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی عێراق لە ژێر فشاری ئەمریكادا زۆربەی دامودەزگا و بانكەكانی بە ئەلیكترۆنی كردووە، لە پێناو ئەوەی ڕێگری لە بە فیڕۆدانی پارە و چوونی دۆلار بۆ ئێران بكرێت، هەروەها دەروازە سنوورییەكانیش لەو چوارچێوەیەدا بە ئەلیكترۆنی كران، ئەمەش ڕۆڵێكی باشی لە گەڕانەوەی داهاتی نانەوتی گێڕا.

ک