زایەڵە ـــ لە کاتێکدا ڕاهێنەری ئینتەر وەک یەکێک لە باشترین ڕاهێنەرەکانی جیهان چووەتە خولی سعودیە، بەڵام لە سەرەتاوە تووشی گرفت بووە لەمەڕ ڕاکێشانی یاریزانان.
ڕۆژنامەی گازێتا دێللۆ سپۆرت ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماژەی بە سیمۆنی ئینزاگی ڕاهێنەری یانەی هیلال کردووە و نووسیویەتی " هەموو شتێک بە پارە ناکڕدرێت". ئینزاگی بڕی مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن دۆلارە کە لە یانەی هیلال وەریدەگرێت کە نزیکەی چوار ئەوەندەی مووچەکەی لە ئینتەر دەبێت. هەفتەی ڕابردوو یانەی هیلال گرێبەستی ئینزاکی ڕاهێنەری یانەی ئینتەریان ڕاگەیاند.
پڕۆژەی ڕاکێشانی یاریزانە بەناوبانگەکان لەلایەن ئینزاکی بە دۆلاری نەوتی سعودیە هەفتەی ڕابردوو دەستیپێکرد. دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئیتاڵی دەڵێت متمانەی ئینزاگی لە سەرەتای کارکردنیدا لە یانەی هیلال کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە پێنج یاریزانی بەناوبانگ پێشنیارە سەیروسەمەرەکانی بۆ چوونە ڕیزی یانەکەیان ڕەتکردووەتەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی گازێتا، ئەلیساندرۆ باستۆنی، نیکۆلۆ باریلا، تیۆ هێرناندێز، نونو تاڤارێس، برۆنۆ فێرناندێز و ڤیکتۆر ئۆسیمهن ئەو پێنج یاریزانە بەناوبانگەن کە بانگهێشتەکەی ئینزاگییان ڕەتکردەوە.