زایەڵە - حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی لەسەر مووچەو کێشە داراییەکانی لەگەڵ بەغدا بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەندساڵێکە عێراق گەمارۆی خستووەتەسەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم ئەوەهاتووە، چەند ساڵی رابردوودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا رۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و رێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان خستووەتە گەڕ.

ئەوەش هاتووە، بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. 

سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک راگرت، بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.

حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە.

بەغدا لەڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق رێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێمی کوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی رادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە وبەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025. ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.

عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت دروستدەكات، تاكو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.

لە كاتێكدا مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێمی کوردستان هەمووئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین، بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكو هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە رووی داوە.

سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە روون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە.

ک