زایەڵە - ئێران گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا هەڵپەسارد و وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بەردەوامبوونی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان تاران و واشنتن "شتێكی ناڕەوایە".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كایا كالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند:"ئەو كارە دوژمنكارانەیەی ئیسرائیل سەرئەنجامی پشتیوانی راستەوخۆی ئەمەریكایە".
جەختیشیكردەوە "بەردەوامبوونی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمەریكا لەكاتێكدا دڕندەیی رژێمی زایۆنیستی بەردەوامە، شتێكی ناڕەوایە".
ئەو وەزیری ئێرانییە سەركۆنەی "پێشێلكردنی سەروەری ئێران و پارێزراوی خاكەكەی كرد، لەگەڵ هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمیی و ناوچەكانی نیشتەجێبوونی دانیشتوان".
وتیشی "بەهۆی هێرشەكانەوە ژمارەیەك لە سەركردەی سەربازیی كوژراون لەگەڵ مامۆستای زانكۆ و ژن و منداڵیش".
عێراقچی داوای "سەركۆنەی یەكلاكەرەوەی نێودەوڵەتی دژ بە هێرشەكانی ئیسرائیلی كرد".
بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران "هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتییانەكانی ئێران كارێكی نایاسایی و رێگەپێنەدراوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بە لێپێچینەوەی رژێمی زایۆنیستی لەسەر ئەو پێشێلكارییە مەترسیدارانە كە پێشینەی یاسایی نەبووە"