زایەڵە - بەهۆی وشکەساڵی و کەمبونەوەی ئاوی ڕوبارەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق لە چرکەیەکدا ٦۰ مەتر سێجا ئاوی دەریاچەی دوکان بەردەدرێتەوەو لە هەر کاتژمێرێک ۲۱٦ هەزار مەتر سێجا ئاو لەدەریاچەکەوە دەڕوات.

لە  شەو و ڕۆژێکدا زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەدەریاچەکەوە بەردەدرێتەوە. لە ئێستادا دەریاچەکە  نزیکەی ۲۳ لەسەدی توانای خۆی ئاوی تێدایە و لە ٦٥ ساڵی تەمەنی دەریاچەکە بۆ یەکەمجارە ئاستی ئاو بەو شێوەیە دابەزێت و کەم ببێتەوە لە دەریاچەی دوکان.

ئاستی ئاوی کۆگا کراو لەدەریاچەکە دابەزیووە بۆ ملیارێک و ۷۰۰ ملیۆن مەتر سێجا و ئەگەر بەردانەوەی ئاو بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت مانگانە نزیکەی ۱۰ لەسەد ئاوی دەریاچەکە کەم دەکات و چاوەڕوان دەکرێت پێش وەرزی باران بارینی ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمجار ئاوی دەریاچەی دوکان بۆ کەمتر لە ملیارێک مەتر سێجا دابەزێت.