زایەڵە-لە پەیامێکدا، نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر ئێران، و بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقی دەزانێت. لە پەیامەکەیدا هاتووە کە ئەم کارانە بنەماکانی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لاواز دەکەن و مەترسیی زیاتر بۆ دۆخە هەستیارەکەی ناوچەکە دروست دەکەن.
پەیامەکە هێرشەکان بە "هەنگاوێکی بێباکانە" و "بەئامانجگرتنێکی بەئەنقەست" ناودەبات کە ئامانج لێی پەکخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لە ڕێگەی گفتوگۆوە بناغەیەکی بۆ داهاتوو داناوە و ئەم هێرشانە هێرشێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەم هەوڵانە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکان، بەتایبەت هاوڵاتیانی سڤیل، دەکات. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "هەنگاوی خێرا و کاریگەر" بنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان، و جەختی کردەوە کە "خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە ئاشتییەکی هەمیشەییە، کە تەنها لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە بەدەست دێت.
لە کۆتاییدا، پەیامەکە دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان و ڕایگەیاندووە: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیر دەمێنێتەوە. هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان و ئەو سەقامگیرییەی کە بە ماندووبوونێکی زۆر بەدەستمان هێناوە، تەنانەت لە کاتە پڕ لە ئاڵۆزییەکانیشدا.

June 15, 2025