زایەڵە - هەرچەندە وابڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە دادگای بالای فیدراڵی بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەربكات، بەڵام بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی سبەی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارە گرنگەكە لەبەرژەوەندی ەرمانبەرانی هەرێم دەردەكات.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند: سبەی دادگای فیدرالی كۆ دەبێتە‌وە لەسەر ئەو تانەیەی كە فەرمانبەرانی هەرێم داویانە بۆ پرسی مووچە و داوای دەركردنی فەرمانی وەلائی دەكەن لەسەر بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، بۆیە سبەی چاوەڕوان دەكرێت دادگای فیدرالی لە ‌بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی كوردستان بڕیار بدات بە ‌بەردەوامیی پێدانی مووچە لە ‌بەغداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی عێراق هی ئەوە نییە كە قەیرانی دیكەی بۆ دروست بكرێت، شەڕی ناوچەكە و دۆخی ناوخۆیی ئەوە دەخوازێت كە قەیرانەكان قووڵ نەكرێنەوە، بۆیە پێشبینیی دەكرێت كە لە ‌بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بڕیار بدرێت و قسەكانی سەرۆكی دادگای فیدرالییش هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت كە بەو ئاراستەیە بڕیار بدرێت، ئەویش دەركردنی ئەمری وەلائی.