زایەڵە-عامر محەمەد عەبدوڵا_ سەرۆکی لیژنەی شەمعە لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند؛ لە وەرزی هاویندا بەشێک لە هاوڵاتیان بەناچاری ئاوی تانکەر دەکڕن، پێویستە ئەو هاوڵاتیانە چاوکراوە بن و رێگەنەدان نرخی زیادیان لێ بسەنرێت، یان ئاوی نا تەندروستیان پێ بفرۆشرێت، چونکە پەیوەندی بە تەندروستییانەوە هەیە.
وتیشی؛ ئەو تانکەرانە کە ئاو بۆ ماڵان دەهێنن پێویستە لۆگۆی رێگە پێدانیان پێوەبێت، هەر تانکەرێک لۆگۆی پێوە نەبێت و لێی نەنوسرابێت ئاوی ئەم تانکەرە شیاوە بۆ خواردنەوە، ناکرێت ئاوەکەی بۆ خواردنەوە بەکار بهێندرێت.
سەرۆکی لیژنەی شەمعە ئاماژەی بەوە کرد ئەو تانکەرانە رێگەیان پێدراوە ئاوی پاک بگوازنەوە لەوشەمعانە ئاو باردەکەن کە ئاوەکەیان لە پشکنین دەرچووە.
وتیشی؛ بۆ هەر سکاڵایەک لەبارەی نرخ و کوالێتی ئاوی تانکەرەکانەوە هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارەی لیژنەی شەمعە (07701938182), یان لیژنە هاوبەشەکان (07708677777) بکەن.