زایەڵە - غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە دراون تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بەو داوا یاساییەی ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران تۆماریان کردووە کۆدەبێتەوە، بەڵام رەنگە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان کردووە، دادوەرانی دادگاکە رایان وایە کە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق نایاساییە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە فەرمانسالاری لە بارەی داواکەوە دەردەکەن و بڕیارەکەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە گشتیی دڵخۆشکەر دەبێت، بەڵام ئەمەش لەسەر کات ماوەتەوە.

جەختیشیکردەوە، دواخستنی کۆبوونەوەی دادگاکە بەهۆی حەجی دادوەرەکانەوە نەبووە، چونکە گریمان دادوەرێکیش ئامادەنەبوو، بەڵام خۆ رێژەی یاسایی تەواودەبێت، بەڵكو بۆ پێدانی دەرفەتێکە بۆ رێککەوتنی هەرێم و بەغداد وە چارەسەرکردنیەتی بەرێگای سیاسی.