زایەڵە - ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند کە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختی لەسەر هەمان هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی مووچە کردۆتەوە کە لە دیدار سەرۆک وەزیران باسی لێوە کرا.

دارا سێکانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەر ئەوەیە کە کاتی خۆی فراکسیۆنی یەکگرتوو دوای سەردانمان بۆ لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ئەوکاتە هەمان ئەو چارەسەرەمان بۆ ڕای گشتی  و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیاند، لە دانیشتنی چوار سەرۆکایەتیەکە جەختیان لێکردۆتەوە، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان تۆمەتباریان کردین بۆ ئەو هەوڵە دڵسۆزانەی بۆ  چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی موچەخۆران خستمانەگەڕ.

وتیشی، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە: ناردنی مووچە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەگوێرەی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.