زاەڵە-جاسم عمێری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق و فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق زۆر ناکۆکن، ئەمە لەلایەک.. لەلایەکی تر، جاسم عمێری لەگەڵ ئەندامانی دادگای فیدراڵیشدا دیسان ناکۆکە.

ناکۆکی نێوان سەرۆکی دادگای فیدراڵی و ئەندامانی دادگاکەی وایکرد، فایەق زەیدان دەست بخاتە نێو دادگای فیدراڵییەوەو ئەندامان بۆ دەست لەکارکێشانەوە هانبدات، گوایە گەر دادگا پێکهێنرایەوە ئەو دایاندەنێتەوە. بۆیە دەست لەکارکێشانەوەی دادوەرەکان، عمێری ناچارکرد داوای خانەنیشین بوون بکات.

جیاواز لەوەش، دادگای فیدراڵی فشاری سیاسی لەسەرەو فشارەکانیش لەرابردوودا، زۆرجار بەملاو ئەولادا وەریانچەرخاندووە، بەتایبەت عمێری خەڵکی پارێزگای دیالەیەو لەناو قوڵایی ناکۆکیدا گەورە بووە.

ئەرک و مەهامی دادگای فیدراڵی بەپێی یاساو دەستور دیاریکراوە، بەڵام بەم دواییانە سیاسییەکانی عێراق بۆ خۆ دەربازکردن لەبەرپرسیارێتی، هێندە دۆسیەی بچوکیان هەڵدایە نێو ئەم دادگا، عەیبداریان کرد.

 زۆر بابەت هەن ئیشی وەزارەتەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنن لە نێویشیاندا موچە، کەچی حکومەت بۆ خۆ لادان لەرەخنەی نەیارەکانی تۆپەکەی فڕێ دەدایە ناو دادگا.

وایلێهات کێشەکانی ناو دادگا کەڵەکە بوون، دادوەرەکان بێزار بوون، دواجار کێشە کەڵەکە بووەکان لەسەری  دادگادا شکاو وەکو بۆمبێک لەناو دادگادا تەقینەوە.

ڕەنگە دیوێکی تری پەکخستنی دادگای فیدراڵی، پەیوەندی بە دۆخی ئێستای عێراق و دەستی لایەنەکانیشەوە هەبێت، بەڵام پەککەوتنی ئەم دادگایە، زۆر گرفتی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات.